خواردنگەیەک لە هەولێر بوو بە قەرەبروت

میدیازان – هێمن بەکر – هەولێر بەیانی ئەمڕۆ ئاگر کەوتەوە لە لقێکی خواردنگەی تۆپ ئۆرگانیک لە هەولێر، تەواوی باڵەخانەکەی سوتا و تەختی زەوی بوو. خواردنگەکە دەکەوێتە باخچەی هۆتێل کریستاڵ، لەسەر شەقامی ١٠٠ مەتری. سەرکەوت کارەش، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە میدیازانی وت، ئاگرەکە لە کاتژمێر ٧:٥٠ی سەرلەبەیانی کەوتووەتەوە، لە چێشتخانەی خواردنگەکەوە. ئەو خواردنگەیە نانی بەیانی پێشکەشی میوانەکانی دەکات و لەوکاتانەدا جمەی دێت. وتەبێژەکەی بەرگری شارستانی رەتیکردەوە جگە لە زیانی مادیی، هیچ زیانێکی گیانی هەبووبێت.
تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە پاش کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە – Social Media
 لەبەرئەوەی نزیکن، مەترسی هەبووە لە تەشەنەسەندنی ئاگرەکە بۆ هۆتێل کریستاڵ، بەتایبەتی لەکاتێکدا بەشی پشتەوەی هۆتێلەکە سیستمی غازییە. بەپێی زانیارییەکان، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بە زووی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی چێشتخانەکە زۆری لە دار دروستکراوە، بە تەواوەتی سوتاوە.