هیچ کەسێک فیشەکی بۆ نەتەقاندن

مۆنۆمێنتی هەڵەبجە بە نووسینێک یادی کوژرانی دوو کوڕەکەی سەدامی کردەوە

فەرهاد حەسەن

مۆنۆمێنتی هەڵەبجە، کە ناوەندێکی دیاری پیشاندانی ئەو وربانیانەیە کە شاری هەڵەبجە داویەتی، ئەمڕۆ کە ساڵیادی کوژرانی هەردوو کوڕەکەی سەدام حوسێن (عودەی و قوسەی)یە بە نووسینێک یادی ئەو رۆژەی کردووەتەوە.

عودەی، فەرماندەی فیداییەکانی سەدام و و قوسەیش فەرماندەی گاردی کۆماری بوو، لە 22.7.2003 دا لە شاری موسڵ، لەناو خانوویەکدا بە تەنیا گەمارۆدران و کوژران، بێ ئەوەی تەنانەت یەک کەس یەک فەشەکیشیان بۆ بتەقێنێت.

عودەی لە ریزبەندی سێیەمی ئەو کەسایەتییە عێراقییانەدا دەهات کە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە لە عێراقدا داواکراو بوون و بەرپرس بوو لەو میلیشیایەی کە بە “فیدائیانی سەددام” ناسرابوو، پێشتر لە کانوونی یەکەمی ساڵی 1996 دا، رووبەڕووی هەوڵێکی کوشتن بووەوە و بە موعجیزە رزگاری بوو.

پێش ئەوەی رووبەڕووی هەوڵی کوشتنەکەی ببێتەوە، وەک جێگرەوەی باوکی سەیر دەکرا، بەڵام لە ساڵانی کۆتاییدا ئەستێرەی قوسەی برای گەشایەوە و بووە خۆشەویستترین کوڕ لەلای باوکی.

عودەی لەدایکبووی ساڵی 1964ە، وەک ئەندازیار لە زانکۆی بەغدا دەرچووە و بڕوانامەی دکتۆراشی لە زانستە سیاسییەکاندا بەدەستهێنا بوو، لە بەرامبەردا قوسەی، چەندین پۆستی هەستیاری لە ناوەندی رژێمی عێراقدا بە سەرۆکایەتیی باوکی وەرگرت.

پێش کەوتنی بەغدای پایتەخت، قوسەی سەرکردایەتیی هێزەکانی گاردی کۆماری (الحرس الجمهوري) دەکرد کە هێزی بژارەی رژێمی بەعس بوو و لە ئایاری ساڵی 2001دا پۆستی یاریدەدەری سەرۆکی مەکتەبی سەربازیی حزب بەعسیشی وەرگرت، بەمەش قوسەی بەشداری لە گرنگترین کۆبوونەوە سیاسی و سەربازییە چارەنووسسازەکاندا دەکرد بە سەرۆکایەتیی سەددام حسێنی باوکی.

قوسەی، یاسای لە زانکۆی بەغدا خوێند بوو، هاوسەرگیری کردبوو و باوکی سێ منداڵ بوو، هەروەها لە ریزبەندی دووەمی لیستی 55 داواکراوە عێراقییەکەدا دەهات کە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە ئامادەکرابوو.

ئەو دوو برایە، کە ساڵانێک دەسەڵاتی رەهایان لە عێراقدا هەبوو و دوو لە بەهێزترین پێکهاتە سەربازی و ئەمنییەکانی وڵاتیان بەڕێوەدەبرد، لە دوا ساتەکانی ژیانیاندا رووبەڕووی دۆخێکی تەواو جیاواز بوونەوە.

کۆتایی ژیانی ئەم دوو دەسەڵاتدارەی پێشوو، وانەیەکی مێژوویی بوو، لەناو خانوویکدا لە موسڵ بە تەنیا گەمارۆدران و کوژران، بێ ئەوەی تەنانەت یەک کەس یەک فەشەکیشیان بۆ بتەقێنێت یان خۆی بکات بە خاوەنیان.