دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل - وێنە؛ ئەرشیف
"ئەو دژی ئێران دەجەنگێ"
ترەمپ: نەتەنیاهۆ لە ئەمریکا دەستگیر ناکرێت
شۆڕش قادری
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک لە ئەمریکا دەستگیر ناکرێت.
ترەمپ لە دواپۆستی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ نووسیویەتی، “بنیامین نەتەنیاهۆ بە هیچ شێوەیەک و لە هیچ فۆڕم و شکڵێکدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستگیر ناکرێت، ئەو دژی کۆماری ئیسلامی ئێران دەجەنگێت کە لەم دواییانەدا 52 هەزار خۆپیشاندەری بێتاوانی کوشتووە و 47 ساڵی رابردووی بە کوشتنی سەربازانی ئەمریکی و کەسانی دیکە بەسەربردووە”.
ترەمپ دەڵێت، تەنیا ئەو کەسانە دەبێ دەستگیر بکرێن کە ئێرانیان بەرەو دۆخێکی ئاڵۆزی بێ وێنەی مەرگ و وێرانکاری بردووە، کارێک کە دەبوو ساڵانێک لەمەوبەر لەلایەن سەرۆکەکانی پێشووەوە ئەنجام بدرایە.
پێشتر زەهران مەمەدانی سەرۆکی شارەوانی نیویۆرک رایگەیاندبوو، تاوتوێی دەستگیرکردنی نەتەنیاهۆ دەکەن، کاتێک پاییزی ئەمساڵ دەیهەوێ بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بچێتە نیویۆرک.
بڕیاری دەستگیرکردنی بنیامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەلایەن دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانەوە لە لاهای دەرچووە، بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و تاوانی دژبە مرۆڤایەتی لە کەرتی غەزە.