سەرەخۆشیشی لە شێخ تەمیم كرد

عێراق و قەتەر پاراستنی ئاسایشی هورمز و رێکەوتنی ئەمریکا و ئێران بەگرنگ دەزانن

فەرهاد حەسەن

میری قەتەر و سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختیان لەسەر پێویستی پابەندبوونی ویلایەتە یەکگرتوەکان و ئێران کردەوە بەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەی نێوانیان كە لەسەری رێککەوتون، کە تیایدا دەستەبەری ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز و بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوچەییەوە بكەن.

شێخ تەمیم بن حەمەد ئالسانی میری قەتەر و عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، كۆبونەوەیەكی فەرمییان لە کۆشکی لوسێل لە دەوحەی پایتەخت ئەنجامدا و هەردوولا بارودۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

ئاژانسی هەواڵی قەتەر بڵاویكردەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری سەرەخۆشیان لە شێخ تەمیم كرد بەبۆنەی کۆچی دوایی ئەمیری باوک شێخ حەمەد بن خەلیفە ئالسانی.

لە کاتی كۆبونەوەكەدا باس لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و رێگاکانی بەهێزکردن و پەرەپێدانیان لە بوارە جیاجیاکاندا کراوە، جگە لە تاوتوێکردنی گرنگترین پرس و پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی پەرەسەندنەکانی بارودۆخی ناوچەکە.

بەپێی راگەیەندراوەكە، هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر “پێویستی پابەندبونی هەمو لایەنەکان بە گفتوگۆ و دیپلۆماسی و جێبەجێکردنی ئەوەی کە لە چوارچێوەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێراندا لەسەری رێکەوتوون، بە دەستەبەرکردنی ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز و بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوچەییەوە”.

لایخۆشییەوە، نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە، لە کۆبونەوەکەدا جەخت لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پەرەپێدانی هاوکارییە دوو قۆڵییەکان لە بوارە جیاجیاکاندا کراوەتەوە، بە ئامانجی خزمەتکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو گەل و تاوتوێکردنی گرنگترین پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان.

هەردوولاش جەختیان لەسەر پەیڕەوکردنی گفتوگۆ و دیپلۆماسی بۆ چارەسەری قەیرانەکان کردەوە، لەگەڵ جەختکردنەوە لە جێبەجێکردنی رێکەوتنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، بە مەبەستی چەسپاندنی ئاسایشی ناوچەکە و دەستەبەرکردنی ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز.

سەردانی زەیدی بۆ قەتەر دوای سەردانە پێنج رۆژییەكەی دێت بۆ ئەمریكا، کە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و گەورە بەرپرسان و کۆمپانیا جیهانییەکان کۆبوەوە، ئەو سەردانە بووە هۆی واژۆکردنی 48 رێککەوتننامەی ستراتیژی لە بوارەکانی نەوت، پیشەسازی، تەکنەلۆژیا و دارایی، کە گرنگترینیان چاکسازیی بانکی و گەڕانەوەی حەوت بانکی عێراقی بوو بۆ نێو سیستەمی جیهانی، لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆژە گەورەکانی وەبەرهێنان وەک “شاری وزە” لە فاو بە مەبەستی بوژانەوەی ئابوری و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهاتی عێراق.