چوار خاڵی بۆ کاری میدیاکان داناوە
وه‌زاره‌تی رۆشنبیری “بەهۆشدارییەوە” رێنمایی نوێ بۆ روماڵی رووداوه‌كان ده‌رده‌كات
فەرهاد حەسەن
وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێم ژماره‌یه‌ك رێنمایی بۆ رووماڵی میدیاكان ده‌رده‌كات و دەشڵێت، هه‌ركه‌ناڵێكی راگه‌یاندن پابه‌ندی رێنماییه‌كان نه‌بێت، رووبه‌ڕوی لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی ده‌بێته‌وه و رێكاری پێویستی به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر”.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی رۆشنبیری و چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی سه‌ر به وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان، گشتاندنێكی ئاڕاسته‌ی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن كرد و رایگه‌یاند، “هه‌رێمی كوردستان له‌م دۆخه ئه‌منییه هه‌ستیاره‌دا پێویستی به به‌رپرسیارێتی نیشتمانیی هه‌یه، به مه‌به‌ستی پاراستنی ئاسایشی هه‌رێم و رێگریكردن له هه‌ر جۆره پشێوییه‌ك، گشت كه‌ناڵه‌كانی میدیای بینراو و بیستراو ئاگادارده‌كه‌ینه‌وه كه پێویسته له كاتی روماڵكردنی هێرشه درۆنییه‌كان و رووداوه ئه‌منییه‌كاندا، به ته‌واوی پابه‌ندی یاسا و رێنماییه به‌ركاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان بن”.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییەکەی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه ده‌كه‌ینه‌وه:
یه‌كه‌م: پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و كۆمه‌ڵایه‌تی: پابه‌ندبون به رێكاره پیشه‌ییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی رووماڵی رووداوه‌كان نه‌بێته هۆی تێكدانی سه‌قامگیری و به‌دووربوون له بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ر جۆره زانیاری، وێنه، یان ڤیدیۆیه‌كی ناڕاست كه ببێته هۆی دروستكردنی ترس و دڵه‌ڕاوكێ لای هاوڵاتییان.
دووه‌م: پابه‌ندبون به وه‌رگرتنی زانیاری له سه‌رچاوه فه‌رمییه‌كان.
سێیه‌م: پاراستنی سه‌قامگیری بازاڕ و باری ئابوری: خۆبه‌دورگرتن له‌و جۆره رووماڵانه‌ی كه ده‌بنه هۆی تێكچوونی دۆخی ئابوری، دروستكردنی پشێوی له بازاڕه‌كان، یان گرانبونی نرخه‌كان، چونكه میدیا به‌رپرسه له نه‌بوونی ئه‌و كاریگه‌رییه نه‌رێنییانه‌ی كه له‌سه‌ر ژیانی رۆژانه‌ی هاوڵاتییان دروست ده‌بێت.
چواره‌م: لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی: هه‌ر سه‌رپێچییه‌ك له‌م خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه و له‌و بنه‌ما یاساییانه‌ی له “رێنمایی ژماره (1)ـی ساڵی 2014″دا هاتوه، كه‌ناڵه‌كه رووبه‌ڕووی لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی ده‌كاته‌وه و رێكاری پێویستیان به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر”.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی رۆشنبیری و چاپ و بڵاوكردنه‌وه له‌په‌یامه‌كه‌یدا ئه‌وه‌شیخستۆته‌ڕوو، “دڵنیاین هه‌مولایه‌ك له ئاست ئه‌م به‌رپرسیارێتییه نیشتمانییه‌دا ده‌بن بۆ پاراستنی سه‌قامگیری وڵاته‌كه‌مان”.
ئەم رێنمایی و هۆشدارییەی وەزارەتی رۆشنبیری له‌كاتێكدایه، کە شه‌وی رابردوو له‌كاتی هێرشه درۆنی و موشه‌كییه‌كان بۆسه‌ر ناوچه جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان ژماره‌یه‌ك رێنمایی نوێی بۆ رووماڵی میدیایی لە بارودۆخی نائاساییدا بڵاوكرده‌وه و داوایكرد، رێگە نەدرێت کەناڵەکان ببنە سەکۆیەک بۆ هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی و سنوری سلێمانی، هه‌ر سەرچاوەیەکی زانیاری رەسمیی نەبێت یان لێدوانی وتەبێژانی دامەزراوە ئەمنییەکان نەبێت، پشتی پێنەبەسترێت، هه‌روه‌ها داوای له‌كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن كرد، خۆیان لە بڵاوکردنەوەی وتی وتی و هەواڵی چەواشەکار و بێبنەما بپارێزن.