"پێشێلکارییەکی سەرپێچیکارانە"

قەتەر بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرد

فەرهاد حەسەن

دەوڵەتی قەتەر، بە فەرمی و بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، ئەم هێرشانە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە وڵاتەکەی هێرشەکانی ئێران بە “پێشێلکارییەکی سەرپێچیکارانە” بۆ سەر سەروەریی کۆماری عێراق و هەرێمی کوردستان و بەزاندنی ئاشکرای بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی دادەنێت.

جەختی لەوە دەکاتەوە، کە پێویستە ناوچەکە لە لێکەوتەکانی ئەم هێرشە “بێ پاساوانە” بپارێزرێت و داواشی کرد کە رێگەی دیالۆگ و دیبلۆماسی و هێورکردنەوەی گرژییەکان بگیرێتە بەر، بەو ئاڕاستەیەی کە دەبێتە هۆی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشدا، دەوڵەتی قەتەر هاوسۆزیی تەواوی خۆی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دووپاتکردووەتەوە و دەڵێت “پشتیوانی لە هەموو ئەو هەنگاو و رێکارانە دەکەین کە هەردوولا بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایشی خۆیان دەیگرنە بەر”.