بارهەڵگر بەسەریدا رۆیشتووە
شکانی بۆریی ئاوی سەرەکی گەڕەکێک لە سەماوە زیاتر لە 35 ماڵی نوقمی ئاو کرد
964+
پەری ساڵح
بەهۆی تێپەڕبوونی بارهەڵگرێکی قورس بەسەر شەقامێکی قیرنەکراودا، بۆرییەکی سەرەکی ئاو لە گەڕەکی جەربوعییە لە پارێزگای سەماوە شکا و زیاتر لە 35 ماڵی نوقمی ئاو کرد.
بەم گەرمای هاوینە تەواوی گەڕەک و ماڵەکان ئاو دایپۆشیوە و کەلوپەلەکانیان خوساون و دانیشتوانەکەش دادوبێ دادیانە و داوا دەکەن پارێزگاری ئەو شارە و حکومەت بچێت بە هانایانەوە و دەڵێن لە ترسی تەزووی کارەبا و خنکان چەند کاتژمێرێک لە دڵەڕاوکێدا ژیاوین، مێژووی بۆرییەکەش بۆ ساڵانی هەشتاکان دەگەڕێتەوە و داوای گۆڕینی دەکەن.
سەجاد غافڵ، کە دانیشتوویەکی ناوچەکەیە، بۆ 964 دەڵێت؛ “بۆرییەکە کاتژمێر 6.30ـی خولەکی بەیانی شکا و ئاوەکە وەک لافاو بەرەو ماڵەکان هات، بەهۆی گەیشتنی ئاو بە وایەر و سویچە کارەباییەکانەوە، لە دۆخێکی زۆر ترسناکدا ژیاین، ئاوەکە تا نیوەی ئۆتۆمبێلەکەم بەرزبووەوە، کەلوپەلی ژوورەکانی نوستنمان بە تەواوی تێکچوون، براکەم نەخۆشی دڵی هەیە و بەهۆی شۆکەکەوە باری تەندروستی تێکچووە دەستبەجێ لەگەڵ چەند دراوسێیەکی دیکە گەیاندمانە نەخۆشخانە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە وەڵامدانەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان زۆر خاو بووە تیمەکانی ئاوەڕۆ زیاتر لە 3 کاتژمێر دواکەوتن، بەرگری شارستانیش هەر ئامادە نەبووە
عەلی مەککی، بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی موسەننا رایگەیاند؛ بۆریەکە سەرەکی بووە و دەستبەجێ سەرجەم کارمەند و ئامێرەکانی بەڕێوەبەرایەتیمان خستە ئامادەباشییەوە بۆ کێشانەوەی ئاوە کۆبووەوەکە و بەهاناوەچوونی هاوڵاتییان، سوپاس بۆ خوا زیانی گیانی نەبووە.