بڕیاری پارێزگارە

بەهۆی گەرماوە 7:30ی بەیانی لە کەرکوک دەوام دەستپێدەکات

ئەحمەد مستەفا

ئەمڕۆ پێنجشەممە پارێزگاری شارەکە، دەوامی فەرمی فەرمانبەرانی لە کەرکوک کەمکردەوە و لە کاتژمێر 7:30ـی بەیانی دەستپێدەکات و تا کاتژمێر 1:30ـی پاشنیوەڕۆ بەردەوام دەبێ.

بڕیارەکە لە ئەمڕۆوە جێبەجێ دەکرێ و تا کۆتایی دەوامی فەرمیی لە رۆژی 31.8.2026 بەردەوام دەبێت.

لە راگەیەندراوێکدا پارێزگاری کەرکوک، محەمەد سەمعان ئاغا دەڵێ، بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرماوە بڕیاریدا دەوامی فەرمی لە دیوانی پارێزگا و فەرمانگەکان و یەکە کارگێڕییەکاندا کەم بکرێتەوە.

پلەی گەرما لە کەرکوک لەم رۆژانەدا بەهۆی کاریگەری بارستە هەوایەکی گەرمەوە زۆر بەرزە و پێشبینی دەکرێت بەرزترین پلەی گەرما لە نێوان 46 بۆ 48 پلەی سیلیزی لە ژێر سێبەردا تۆمار بکرێت.

گەرماکە لە نێوان کاتژمێر 11:00ی بەیانی تا 4:00ی پاشنیوەڕۆ دەگاتە بەرزترین ئاست، وەک رێنمایی تەندروستی داوا لە هاوڵاتییان “بەتایبەت منداڵان و بەتەمەنەکان” دەکرێ لە ماڵەوە بمێننەوە و بڕێکی زۆر ئاو بخۆنەوە.