"خەونی کورسیەکی وەرزشیە"

لەپێ کەوتووە و باڵۆنه‌كان بوونه‌تە ئومێدى

964+

دیلان محەمەد- سلێمانی

رووداوێک قاچەکانی لێسەندەوە، بەڵام تەسلیمی ئەو قەدەر نەبووە و بووەتە یاریزانێکی کۆڵنەدەر و ئێستا گەورەترین هیوای کورسییەکی تایبەت بە وەرزشەکەی.

عەلی حامید، خەڵکی دیالەیە و لە سلێمانی لەدایکبووە و دوو ساڵ لەمەوبەر رووداوێکی هاتوچۆ لە شەقامی سەهۆڵەکە ژیان گۆڕی و قاچەکانی لێسەندەوە، ناچاری کرد واز لە خوێندن بهێنێت، بەڵام نەیتوانی خەونەکانی کۆتایی پێ بهێنێت. ئێستا لە ناو ئەم گەرمایە تاقەتپڕووکێنەدا، رۆژانە دێتە سەر شەقامەکان و ئومێدی خۆی بە فرۆشتنی چەند باڵۆنێکەوە بەستووە بۆ ئەوەی بژێوی خۆی دابین بکات.

عەلی بۆ 964 دەڵێت، بێ هیوا نەبووم و خودا باشتر دەزانێت چی باشە بۆ ژیانی من، رۆژانە 10 بۆ 15 هەزار ئەگەر لەم باڵۆن فرۆشتنە دەستم کەوێ، بەڵام ناچارم و ژیان بەوجۆرەیە، ماوەیەکی تر دەمەوێ ببمە یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقی.

ئەو تەسلیمی قەدەر نەبووە؛ هەرچەندە لەگەڵ رووداوەکە تووشی لەبیرچوونەوەش هاتووە، بەڵام بووەتە یاریزانێکی کۆڵنەدەری تۆپی سەبەتە و ئێستا گەورەترین هیوای ئەوەیە کورسییەکی تایبەت بە وەرزشەکەی بکڕێت بۆ ئەوەی بەربەستەکان بشکێنێت، لەو شۆفێرەش خۆشبووە کە لێیداوە.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح