وەبەرهێنان لیستەکەی بڵاوکردووەتەوە
11 کۆمپانیا و بازرگان گەنمی وەرنەگیراو لە جوتیارانی هەرێم دەکڕنەوە
فەرهاد حەسەن
دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاند، رەزامەندی لەسەر 11 کۆمپانیا و بازرگان دراوە کە ئەو گەنمەی حکومەتی عێراق لە جوتیارانی هەرێم وەریناگرێت ئەوان بیکڕن و هەناردەی بکەن، بۆ ئەمەش لیستی ناوی کۆمپانیاکانی بڵاوکردووەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێک دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاند، بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی جوتیارانی بەرهەمهێنی گەنم لە هەرێمی کوردستان، رەزامەندی درا لەسەر کڕینەوەی گەنمی ئەمساڵیان لەلایەن کۆمپانیا و بازرگانانەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، 11 کۆمپانیا و بازرگان ئامادەییان دەربڕیوە ئەو گەنمە وەربگرن و هەناردەی بکەن، ئەوانیش بریتین لە:
– کۆمپانیای دەنگەوەر – 07501161112 لە هەولێر
– کۆمپانیای نۆرت ستار – 07504506867 لە دهۆک
– کۆمپانیای دەنگی ژیان – 07503036937 لە دهۆک
– کۆمپانیای زەنگنان – 07504033615 لە دهۆک
– کۆمپانیای تازەج – 07504501435 لە دهۆک
– کۆمپانیای سەردار هەرکی – 07504667717 لە دهۆک
– کۆمپانیای رێ گەل – 07728526537 لە سلێمانی
– کۆمپانیای گرین سکای – 07700580202 لە سلێمانی
– کۆمپانیای ناترۆن – 07715222629 لە سلێمانی
– یونس حەسەن ئیسماعیل – 07504669898 لە هەولێر
– دیدار حوسێن عەلی – 07504552526 لە هەولێر
پێشتر وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم پێشبینی کردووە کە بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ بگاتە دوو ملیۆن تۆن، لەکاتێکدا حکومەتی عێراق بڕیاری داوە تەنیا 400 هەزار تۆنی وەردەگرێت.
بۆ ئەمساڵ حکومەتی عێراق بڕیاریداوە 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، کە 292 هەزار تۆنی بە گەنمی نێو پلانی چاندن دادەنرێت و تۆنی بە 700 هەزار دینارە، زیاتر لە 108 هەزار تۆنیش لە دەرەوەی پلانە و تۆنی بە 500 هەزار دینار وەردەگیرێ، لەکاتێکدا پێشتر و لە ساڵی 2024 حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، ساڵی 2025 کەمیکردەوە بۆ 400 هەزار تۆن بە نرخی 800 هەزار دینار بۆ تۆنێک.
حکومەتی عێراق، پشکی وەرگرتنی گەنمی بۆ چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (ناو پلان و دەرەوەی پلان) بە شێوەیەک داناوە کە پارێزگای سلێمانی 150 هەزار و 209 تۆن، پارێزگای هەولێر 122 هەزار و 680 تۆن، پارێزگای دهۆک 116 هەزار و 408 تۆن و پارێزگای هەڵەبجەش 11 هەزار و 28 تۆن.