سلێمانی

خوێندکارانی پۆلی 12 بەهۆی هەڵە لە پرسیارەکانی تاقیکردنەوەکان گردبوونەوە

رازاو ئەمین – سلێمانی

ماوەی دوو رۆژە لەدوای تەواوبوونی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـەی ئامادەیی، ژمارەیەک لە خوێندکاران لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی گردبوونەوە ئەنجام دەدەن و ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕن.

گردبوونەوەیان بەهۆی ئەوەیە بەگوێرەی قسەی خۆیان، لە زۆربەی پرسیاری تاقیکردنەوەکاندا هەڵە هەبووە و ئەمە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەنجامی تاقیکردنەوەکانیان دادەنێت.

هیوا فایەق، باوکی یەکێک لە خوێندکارانی پۆلی 12 بۆ 964 وتی، کوڕەکەی بەهۆی ئەنجامی وانەی عەرەبی ناتوانێت لە کۆلێژی پزیشکی گشتی وەربگیرێت, هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە پرسیارەکانی زمانی عەرەبی زۆر قورس بوون و لەگەڵ ئاستی خوێندکارانی کورد گونجاو نەبوون.

ڤارین رەسوڵ، یەکێک لە خوێندکارە ناڕازییەکان دەڵیت، تەنیا لە تاقیکردنەوەی بایەلۆجی 13 هەڵە هەبووە، لە کۆی وانەکاندا تەنیا سێ وانە بەبێ هەڵە بوون و پرسیاری هەموو وانەکانیتر هەڵەی تێدا بووە.

خوێندکاران داواکارییەکانیان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی کردووە و دەڵێن بەرپرسان بەڵێنی قەرەبووکردنەوەی نمرەکانیان پێداون، بەڵام هۆشیاری دەدەن ئەگەر ئەم بەڵێنە جێبەجێ نەکرێت، دووبارە ناڕەزایی دەردەبڕن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی