لەفەی نۆکاو گران دەبێت

نرخی فەردەیەک نۆک گەیشتە ٧٣ هەزار دینار

میدیازان – دیلان محەممەد – سلێمانی

وابڕوات چەند رۆژێکی تر لەفەی نۆکاو یان گران دەبێ یان ئیتر نۆکەی کەم تێدەکەن، چونکە نرخی نۆک لەبازاڕ گران بووە.

لە سلێمانی نرخی فەردەیەک نۆکی ٢٥ کیلۆیی نزیکەی ٦ هەزار دینار گرانبووە، دووکانەکانی فلافل و نۆکاو فرۆشەکان هاواریان لێهەستاوە، دەڵێن ئەگەر وا بڕوات ئەوانیش لەفە گراندەکەن.

ئێستا فەردەیەک نۆکی مەکسیکی کە ٢٥ کیلۆی تێدایە و باشترین جۆرە لە بازاڕ بایی ٧٣ هەزار دینارە و نرخی کیلۆیەک لەم نۆکە گەیشتووەتە ٢ هەزار بۆ ٢ هەزار و ٢٥٠ دینارە. لەفە فرۆشەکان بەزۆری ئەم جۆرە بەکاردەهێنن.

جگە لە نۆکی مەکسیکی، چەند جۆرێکی دیکەی نۆک لە بازاڕدا هەن کە ئەوانیش پێکدێن لە نۆکی کوردی، تورکی، هیندی و نۆکی فلافل، ئەم جۆرانە هەرزانترن لە مەکسیکییەکە، بەڵام بەهەمان شێوە بەراورد بە چەند مانگی رابردوو گرانبوون.

بەرزبوونەوەی نرخی نۆک لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا روویداوە و هۆکارەکەی قەدەغەی هاوردەکردنیەتی، چونکە تاوەکو مانگی ٨ی ئەمساڵ رێگە بە هاوردەکردنی نەدەدرا.

نرخی لەفەیەک نۆکاو بەسەمونەوە ٥٠٠ بۆ ٧٥٠ دینارە، بەڵام رەنگە ئەم کەمبوونەوەیەی نرخی ئەوەش زیاد بکات.

نۆک روەکێکی دانەوێڵەیی وەرزیە، لەبەهاردا واتا مانگی 3 تۆو دەکرێت و زەوی نۆک پێش تۆو کردن پێویستە کرابێتە وەرد. نۆک بەباران دەروێت پێویستی بەئاودان نیە لەدوای دروێنەی گەنم پێدەگات.