قوتابخانەیەکی تۆپی پێ لە عامودا

وەبەرهێنانێک لە پشوی هاوینە و پاراستنی منداڵ لە شاشە و شەقام

گەڕناس مەعۆ – عامود

لەبری شەقام و شاشە، قوتابخانەیەکی تۆپی پێ لە عامودا منداڵ و گەنجانی کۆکردووەتەوە لەوێ پەروەردەیان دەکەن و رایاندەهێنن لەسەر تۆپی پێ، گەرچی پێداویستییان کەمە و داوا دەکەن هاوکارییان بکرێ.

لەگەڵ کۆتایی هاتنی ساڵی خوێندن و دەستپێکردنی پشووی هاوینە، بەشێکی زۆر لە دایک و باوکان بەدوای ڕێگایەکی سەلامەت و سودبەخشدا دەگەڕێن بۆ بەسەربردنی کاتەکانی منداڵەکانیان، دوور لە زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی مۆبایل یان بەسەربردنی کاتژمێری زۆر بەبێ ئامانج لە شەقامەکاندا.

قوتابخانەکانی تۆپی پێ وەک یەکێک لە گرنگترین بژاردەکان دەردەکەون کە کات بەسەربردن و پەروەردە و پەرەپێدانی توانا وەرزشییەکان تێکەڵ دەکات. ئەوان دەرفەت دەدەن بە منداڵان بۆ فێربوونی بنەماکانی تۆپی پێ لە ژینگەیەکی سەلامەتدا لە ژێر چاودێری ڕاهێنەری پسپۆڕ.

پسپۆڕانی بواری پەروەردە و وەرزش دووپاتی دەکەنەوە کە بەشداریکردنی منداڵان لە چالاکییەکانی هاوینەدا یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی ئەو کاتەی لەبەردەم شاشەکان بەسەری دەبەن و هانیان دەدات بۆ ئەنجامدانی چالاکی جەستەیی، ئەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر تەندروستی جەستەیی و دەروونیان دەبێت و پشووی هاوینە سوودبەخشتر و بەرهەمدارتر دەکات.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا