لێکۆڵینەوەیەک دەریدەخات

دێرینکۆیۆ کۆنترین شاری کوردستانە کە ئاگری نەورۆزی لێکراوەتەوە

964+

فەهمی نەبی

دکتۆرێکی زانکۆ لە رێگای توێژینەوەیەک دەریدەخات شاری دێرینکۆیۆ کە ئێستا ناوی کەپەدۆکیایە لە باکوری کوردستان، وەک کۆنترین شار ئاگری نەورۆزی لێکراوەتەوە.

مەولود ئیبراهیم حەسەن، لەبەشی کوردی کۆلێژی ئاداب لە زانکۆی سەڵاحەدین مامۆستایە و پسپۆڕی بواری ئەفسانەناسیە، ماوەی 20 ساڵە لێکۆڵینەوە لە پەیدابوونی نەورۆز دەکات، ئەمڕۆ 20.3.2023 بۆ 964 قسەیکرد.

بەپێی لێکۆڵینەوەکەی مەولود ئیبراهیم، شاری دێرینکۆیۆ کۆنترین شاری مێژووییە لەو ناوچەیە کە لەلایەن باپیرانی سۆمەریەکان ئاگری نەورۆزی لێکراوەتەوە و تەمەنی ئەو شارە 12 هەزار ساڵە.
مەولود ئیبراهیم دەڵێت: لە داستانی دەمموز و عەشتاری سۆمەری هاتووە کە دەمموز لە شارێک دەچێتە خوارەوە، پێویستە حەوت دەرگا ببڕێت کە پێیدەڵێن جیهانی ژێرەوە، لە ترسی سەرما شەش مانگ لەو شارەی ژێر زەوی ژیاوە، دواتر لەو رۆژەی دێتە دەرەوە دەکرێتە جەژن و ئاگر کردنەوە، وەک ئاماژەی هاتنی بەهار و خۆشی.
مەولود ئیبراهیم ئەوەش دەڵێت: بەهەمان شێوە شاری دێرینکۆیۆ هەشت چین لە ژێرەوەیە، تەمەنی ئەو شارە 12 هەزار ساڵە بەهەمان شێوە حەوت دەرگای هەیە یەکانگیرە لەگەڵ داستانی دەمموز و عەشتاری سۆمەریەکان کە ئاماژە بە کردنەوەی ئاگر دەکات.

بە وتەی مەولود ئیبراهیم “مێژووی ئەو شارە لە ئەهرامەکانی میسر کۆنترە، چونکە ئەهرامەکان مێژووەکەیان چوار هەزار ساڵە”.

مەولود ئیبراهیم ئەوەش دەڵێت “کردنەوەی ئاگری نەورۆز لەو شوێنە هاوڕێکە لەگەڵ مێژووی ئەو شارە و شێوەی هەڵکەوتەی شارەکە”.

لە داستانی دەمموز و عەشتاری سۆمەریەکان، ئەو دوو کەسایەتیە خواوەندی سۆمەریەکانن و هاوسەرگیری لەگەڵ یەکتر دەکەن، بە گوێرەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی ئەو دکتۆرەی زانکۆ بێت هەمان ئەو داستانە لە شاری دێرینکۆیۆ رویداوە.