خۆیان دروستی دەکەن
سێ کچۆڵە پێکەوە لە کۆڵان یاریی سکویشی دەفرۆشن
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
سێ كچۆڵە لە گەڕەكی هەواری تازەی سلێمانی بۆ كاتبەسەربردنی خۆیان، خەریكی دروستکردنی یاری سکویشین و هەر خۆشیان دەیفرۆشن.
لەگەڵ تەواوبوونی خوێندن لە قوتابخانەكان، لە وەرزی هاویندا منداڵان کاتێکی زیاتریان لەبەردەستە تا هەستی منداڵی خۆیانی تێدا بەرجەستە بكەن، لێرەش لە سلێمانی سێ منداڵ خەریکی دروستکردن و فرۆشتنی یارییەکن، کە وەكو تێكەڵەیەك لە یاری ماڵەباجێنە و دەستكەوتنی بڕێك پارە، مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن.
ئایلین و ئایلا بڕوا، دوو خوشكن كە قسەیان بۆ پەیامنێری 964 كردووە و وتیان، “لەبەردەم دەرگای ماڵەوە خەریكی فرۆشتنی یاری سكویشین كە یارییەكە ئێستا لەناو منداڵان ترێندە”، ئەوان دەڵێن، كە خۆیان لە كاغەز و لۆكە دروستی دەكەن و بەپێی جۆری سكویشییەكە نرخەكەشی دەگۆڕێت و داشكاندنیشیان بۆ كردووە، بۆ پیسنەكردنی ژینگەش پارچە كاغەزەكانیان لە قابلەمەیەكدا كۆكردووەتەوە.
ئیلیا عەدنانیش هاوڕێی ئەو دوو خوشكەیە و بە 964ی وت، “تا ئێستا رێژەیەكی زۆرمان لێ فرۆشتووە و ئەمڕۆش بایی شەش هەزار دینارمان دەستكەوتووە”.
سكویشی، وەكو یارییەكی دژە سترێس بەكاردێت، لەشێوەی میوە، ئاژەڵ، كێك و كارەكتەرە كارتۆنییەكان دروست دەكرێت، كە منداڵان و زۆرجار گەورەكانیش بۆ كەمكردنەوەی قەلەقی وەكو ئارامكەرەوە بەكاری دەهێنن.
پێداچوونەوە: هەژان هادی