هاتوچۆی هەولێر پلانی رۆژانی نەورۆزی بڵاوکردەوە

964+

توانا نەقی

هاتوچۆی هەولێر پلانی رۆژانی جەژنی نەورۆزی بە مەبەستی رێکخستن و کەمکردنەوەی قەرەبەڵغی رێگای سەیرانگاکان و رێگەگرتن لە روودانی هاتوچۆ بڵاوکردەوە.

لە پلانەکەی هاتوچۆی هەولێردا هاتووە، سەرجەم ئەو رێگایانەی بۆ سەیرانگاکانی هەنارە، شێخ توراب، دەربەند، کەسنەزان، بێستانە و خەبات، کراوە دەبن و هیچ رێگایەک داناخرێت.

بە درێژایی ئەو رێگایانەی بۆ سەیرانگاکان دەچن ئەفسەر و کارمەندانی هاتوچۆ بڵاوەیان پێدەکرێت بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی رێگاکان و نەهێشتنی سەرپێچی کردنی شۆفێران.

لە خاڵێکی دیکەی پلانەکەی هاتوچۆدا ئاماژەی بەوەکردووە، بە هەموو شێوەیەک رۆشتنی ماتۆڕسکیل قەدەغەیە بچەنە ناوچە گەشتیارییەکان و هەروەها بەبەردەوام مەفرەزەیان دەبێت بۆ پشکنینی مەینۆشی.

دەقی راگەیەندراوی پلانی رۆژانی نەورۆز لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆی هەولێرەوە:

نەورۆزتان پیرۆز

پلانی هاتووچۆی هەولێر بۆڕۆژانی نەورۆز وسەری ساڵی کوردی

بەمەبەستی ڕێکخستنی هاتووچۆ وکەمکردنەوەی ئەگەری خنکانی ڕێگای سەیرانگاکان، هەروەها کەمکردنەوەی ئەگەری کەوتنەوەی روداوەکانی هاتوچۆ بۆ ڕۆژانی نەورۆز،شێوازی کارکردن بەو شێوەیە دەبێت

1- سەرجەم ئەو ڕێگایانەی کە بۆسەیرانگاکانی (هەنارە، شێخ توراب، دەربەند، کەسنەزان، بیستانە، زۆرگەکانی مەخمور، خەبات) دەچن کراوە دەبن بۆ هاتن وچوون، هیچ ڕێگایەک داناخرێت.

2- بە درێژایی ئەو رێگایانەی بۆسەیرانگاکان دەچن ئەفسەر و کارمەندانی هاتوچۆ بڵاوەیان پێدەکرێت بۆ ڕێکخستنی هاتوچۆ رێگاگرتن لە هەر سەرپێچییەک کە ببێتە هۆی خنکانی رێگایەکان.

3- هاتوچۆکردنی هەربارهەڵگرێک کە کێشی هەڵگرتنی سەروی هەشت تەن بێت قەدەغە دەکرێت لەکاتژمێر 6:00 بەیانیەوە، تا درەنگانی شەو و ئاسایی بوونەوەی ڕێگایەکان.

4- بۆ دابینکردنی کەشێکی ئارام لە سەیرانگاکان بەهەمو شێوەیەک هاتوچۆکردنی ماتۆڕسکیلی دووتایە بۆ سەیرانگاکان  قەدەغە دەکرێت،  تەنیا ڕێگا دەدرێت بە ماتۆڕسکیلی سێ تایە بۆهاتووچۆکردن.

5- بە مەبەستی رێگریکردن لە دیاردەی مەینۆشی و لێخوڕین لە ژێر کاریگەری ماددە سەرخۆشکەرەکان لە سەرجەم رێگاکان بەتایبەتی لە کاتی گەڕانەوە لە سەیرانگاکان مەفرەزە بۆ پشکنینی مەینۆشی دادەنرێت، هەر شوفێرێک گومانی مەینۆشی لێبکرێت پشکنینی بۆدەکرێت.

6- بۆ رێگریکردن لەتیژڕەوەیکردن و پێشبڕکێکردن لەهەر شوێنێک ئەگەری تیژڕەوی لێبکرێت کامێرای چاودێری دادەنرێت

7- هێڵی گەرمی هاتوچۆ (440) بەدرێژایی کات کراوە دەبێت و لە خزمەتی هاوڵاتییان دەبێت بۆهەرحاڵەتێکی نەخوازراو.

8-لە رێگای ڕادیۆی هاتوچۆی هەولێر بە بەردەوام زانیاری لەسەر دۆخی ڕێگاکان لەگەڵ رێنمایی بڵاودەکرێتەوە

بەهیوای پابەندبون و سەلامەتی

نەورۆزتان پیرۆز بێت

ب. هاتووچۆی هەولێر