تازە زاواکانیش دەگرێتەوە

لەباره‌ی جیاکردنەوەی فۆرمی خۆراك روونکردنەوە بە هاوڵاتیانی هەڵەبجە دەدرێت

فەرهاد حەسەن

لە هەڵەبجە رێکارەکانی جیاکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراکی بۆ ئەو هاووڵاتیانە رووندەکرێتەوە کە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا هاوسەرگیریان کردووە و لە ئێستاشدا تەنیا قۆناغی جیاکردنەوە کارایە و بۆ گواستنەوەی ناوی هاوسەرەکانیان بەتایبەتیش (ژن)، پێویستە چاوەڕێی کارابوونی قۆناغی دووەم بکەن.

بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پسووڵەی خۆراکی هەڵەبجە، قۆناغی جیاکردنەوەی فۆرمی خۆراک لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق چالاکە، بەڵام بۆ ئەو هاوڵاتییانەی تازە هاوسەرگیریان کردووە و فۆرمی تایبەت بە خۆیان نییە، پڕۆسەکە بە دوو قۆناغ دەبێت، یەکەمیان “جیاکردنەوە” و دووەمیان “گواستنەوە”.

بەپێی رێکارەکان، لە قۆناغی ئێستادا تەنیا بەشی یەکەم کارایە، کە تیایدا پیاوەکە دەتوانێت داواکاری جیاکردنەوە پێشکەش بکات و ئەگەر منداڵیشیان هەبێت لەسەر فۆرمە نوێیەکە تۆماری بکات، یاخود لە فۆرمی ماڵی باوکییەوە جیای بکاتەوە، بەڵام بۆ زیادکردن و گواستنەوەی ناوی هاوسەرەکەی (ژنەکە) بۆ سەر فۆرمە نوێیەکە، پێویستە چاوەڕێی کارابوونی خزمەتگوزاریی گواستنەوە بکەن.

لەبارەی مەرجە یاساییەکانیشەوە، پێویستە هاوسەرەکان کارتی نیشتمانی و بەڵگەنامەی هاوسەرگیرییان هەبێت، ئەگەر کارتی نیشتمانی هەردووکیان نوێکرابێتەوە و خاوەنی هەمان “ژمارەی خێزانی” بن، پێویست بە پەسەندکردنی گرێبەستی هاوسەرگیری ناکات بۆ ساڵی 2026 و گرێبەستە کۆنەکەش کێشە دروست ناکات، بەڵام ئەگەر هەمان ژمارەی خێزانیان نەبێت و کارتەکانیان نوێ نەکرابێتەوە، دەبێت پێش جیاکردنەوەی فۆرمەکە، کارتی نیشتمانییان نوێ بکەنەوە یان گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەیان بۆ ساڵی 2026 پەسەند بکەن.