ئێران: ئەمریکا پابەند نییە بە ئاسایشی کەنداو

ترەمپ هێرش دەکاتە سەر ئێران “گەمژانە رێککەوتنه‌كه‌ پێشێل ده‌كات”

فەرهاد حەسەن

سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا رایگه‌یاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران لانیکەم چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی له‌ گەرووی هورمز ئاڕاسته‌ی كه‌شتییه‌كان كردووه، ده‌شڵێت “سێ فڕۆکەی بێفۆکەوانی دیکەمان خستە خوارەوە، بە روونیش ئەمە پێشێلکارییەکی گەمژانەی رێکەوتنی ئاگربەستەکەمانە”.

دۆناڵد تره‌مپ له‌ په‌یامێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی Truth Social باسی له‌وه‌كردووه‌ “کۆماری ئیسلامیی ئێران لانیکەم چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری خۆکوژی ئاڕاستەی ئەو کەشتیانەی کردووە کە بەرەو گەرووی هورمزدا تێپەڕدەبن”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، یەکێک لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بە توندی به‌ر به‌شی سەرەوەی کەشتییەکی گەورە و زۆر گرانبەهای گواستنەوەی كه‌لوپه‌ل كه‌وتوه‌ و زیانی پێگەیاندوه‌، بەڵام کەشتییەکە توانیویەتی بەردەوام بێت لەسەر رێڕەوی خۆی.

تره‌مپ نوسیویه‌تی “ئێمە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دیکەمان خستەخوارەوە، بە روونی، ئەمە پێشێلکارییەکی گەمژانەی رێککەوتنی ئاگربرەستەکەمانە”.

لایخۆشییەوە، وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ هەینی لە بەیاننامەیەکی تونددا کاردانەوەی بەرامبەر بەیاننامەی هاوبەشی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و وەزیرانی دەرەوەی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو نیشاندا کە دوێنی پێنجشەممە بڵاوکرابووەوە، تاران ناوەڕۆکی بەیاننامەکەی بە “دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆ” و “هەنگاوێکی هاندەرانە” ناوبرد.

وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش رایگەیاند، ئەو بانگەشەیەی کە ئەمریکا دەڵێت “پابەندە بە ئاسایشی وڵاتانی کەنداو”، تەنیا دروشمێکی سیاسییە و پێچەوانەی ڕاستی دەردەکەوێت، جەختیشی کردەوە کە بوونی سەربازی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبووەتە هۆی سەقامگیری، بەڵکو بووەتە سەرچاوەی دابەشبوونی وڵاتان و تێکدانی ئاشتی ناوچەیی.