شەوی رابردوو بوو
لە سەیدسادق خێزانێک بەهۆی نەبوونییەوە کەوتنە سەرشەقام “نەشتەرگەری دۆخی شێواندوون”
بڕوا مەجید – سەید سادق
درەنگانی شەوی رابردوو زانیاری گەیشتە پەیامنێری 964 کە خێزانێک لە سەیدسادق، بەهۆی هەژاریی و نەبوونییەوە کەوتوونەتە سەرشەقام، دوای گەیشتنی بە شوێنەکە دەرکەوت ژن و مێردێکن و لەسەر شەقامێکی سەرەکی ئەو شارە بە نامورادی لە بن دیوارێکەوە دانیشتوون.
شنیار سەعید و سەروان ئەبوبەکر دوو هاوسەرەکان هەردووکیان نەخۆشییان هەیە و چەند جارێک نەشتەرگەریان بۆ کراوە، شەنیار بە 964 ی وت، بەهۆی نەشتەرگەرییەکانەوە پارە لە ماڵیاندا نەماو کەوتوونەتە سەر شەقام.
هەموو ماڵ و کەلوپەلەکانی ئەم خێزانە لەناو ماتۆڕسکیلێکی سێ تایە داندرابوون
کە سەروان رۆژانە بژێوی پێ پەیدا دەکات و وەکو خۆی دەڵێت، لە بانانییەوە تاوەکو شەو کارتۆن کۆدەکاتەوە و ئەو داهاتەی دەستی دەکەوێت رۆژانە نزیکەی هەشت هەزار دینارە.
خەڵکێکی زۆری سەیدسادق بەدەم ئەم خێزانەوە لە شوێنەکە کۆبوبوونەوە، عەلی پۆڵا یەکێک لەو هاوڵاتیانە بە 964 ی وت “ناهێڵین ئەشەو ئەو خێزانە لەو شوێنە بمێننەوە دەیانبەینەوە ماڵی خۆمان”.
داواشی لە خێرخواز و سەرمایەداران کرد فریای ئەم خێزانە بکەون و شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ دابین بکەن.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن