وێنە: 964+
بارانبارین ناهێڵێت لە دەرەوە بن
چەمچەماڵ نەورۆز بە بێدەنگی بەڕێدەکات
964+
هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ
بەبۆنەی نەورۆزەوە لە چەمچەماڵ هیچ ئاهەنگێک بەڕێوەناچێت. هۆکارەکەی ترسە لە گۆڕانی کەشوهەوا و بارانبارین.
پێشتر بڕیار بوو فێستیڤاڵی نەورۆز ئەنجام بدرێت و کاری دەستی و نمایشکردنی خواردنی کوردەواری و ئەسپسواری و کۆسێرتی منداڵان و گۆرانی و هەڵپەڕکێی تیادابوو.
بە پێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی چەمچەماڵ، کەشوهەوای سبەینێ دووشەممە 20.3.2023ـی قەزای چەمچەماڵ ناجێگیر دەبێت و لە نیوەڕۆوە بارانبارین دەستپێدەکات.
بەختیار شەریف قوربانی، بەڕێوەبەری بەرێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری و هونەری چەمچەماڵ بە تۆڕی 964ـی وت “بەکۆی دەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکانی چەمچەماڵ بەهۆی کەشوهەواوە بڕیاری رەتکردنەوەی ئاهەنگی نەورۆزمان داوە”.
کاتی فێستیڤاڵەکەی چەمچەماڵ لە کاتژمێر 4 تا 7ـی ئێوارە دیاری کرابوو، بە پێی زانیارییەکانی کەشناسیش لەوکاتەدا بارانبارین دەستپێدەکات.
“ئەسپسواری و نماییشی منداڵان و خواردن هەمووی لە دەرەوە دەکران بۆیە بارانەکە کێشەیە و لەبەر ئەوە فێستیڤاڵەکە راگیرا”، محەمەد حەمید، بەڕێوەبەری کەشناسیی چەمچەماڵ وای بە تۆڕی 964 وت.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد