سلێمانی چاوەڕوانی 30 ملیمەتر بارانە
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
تا کاتژمێر 9:00ی بەیانی ئەمرۆ یەکشەممە، تێكڕاى بارانبارینی ئهمساڵی سلێمانى گهیشتۆته 520 ملیمەتر، ئەمەش ئاستی پێوانەیی خۆی پڕنەکردۆتەوە بۆ کۆتایهێنان بە وشکەساڵی، چونكه بهڕێوهبهرى ئاوى ژێرزهوى سلێمانى دهڵێت “باشترە تێکڕای باران بارین، بگاتە 650 ملیمەتر”.
عەباس عەلی، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی سلێمانی به 964ـى راگهیاند “ساڵی رابردوو تا ئەم کاتە 368.5 ملیمەتر باران باریبوو، بهڵام بۆ ئهمساڵ كه پێویسته دووربێت لە وشکەساڵی دهبێت 550 ملیمەتر بارانی لێ ببارێت”.
بە پێی ئەو پێوانەکردنەی كه بەڕێوەبەرایهتی ئاوی ژێرزەوی سلێمانی بۆ هۆکارە چارەسەرییەکانی نەبوونی وشکەساڵی و هایدرۆ کردوویانە لە 50 ساڵی رابردوودا، دەبێت لە سلێمانی تێکڕای بارانبارینی بگاتە 550 ملیمەتر، بەڵام عەباس عەلی پێیوایە “لهبهرئهوهى لەو ماوەیەدا دووجار دیاردەی وشکەساڵی روویداوە، باشترە تێکڕای باران بارینی ئەمساڵی سلێمانی بگاتە 600 بۆ 650 ملیمەتر”.
بهپێی زانیارییهكانى 964، لە سنوری پارێزگای سلێمانی (سلێمانی، هەڵەبجە و راپەڕین) چوار حەوزی سەرەکی هەن، کە دابەشدەبن بەسەر 11 حەوزی لاوەکی، تەنیا لە حەوزی سەرچنار – عەربەت، لەمانگی شوباتی ساڵی 2019ـەوە بۆ مانگی شوباتی 2023، 12.4 ئاستی ئاوەکەی دابەزی، بە وتەی بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی سلێمانیش “بەهۆی شەپۆلی بارانبارینی ئەم مانگە، یەک مەتر و 40 سانتیمەتر ئاستی ئاوەکە بەرزبووەتەوە”.
بە وتەی بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی سلێمانی “قوڵی بیرە نایاساییەکان و نەبوونی رێکخستنێکی یاسایی، ههروهها بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوی بۆ خواردنەوە و بەکارهێنان لە کەرتی گشتی و تایبەت یان کشتوکاڵی، هۆکارێكی بەردەوامی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوییە، کە زۆرینەی ئەو ئاوەش بەفیرۆچووە”.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن