چیرۆکی ونبوون و گەڕانەوەیەتی
چیرۆکی کوردەوان دەکرێتە فیلم و لە کەلار پیشان دەدرێت
964+
هونەر فارس – گەرمیان
چیرۆکی کوردەوان هەڵەبجەیی کراوەتە فیلمێکی دیکۆمێنتاری و بۆ یەکەمجار لە شاری کەلار پیشان دراوە. دەرهێنەرەکەی دەڵێت؛ فیلمەکە هەوڵە بۆ پیشاندانی ئازاری ئەوانەی ناسنامەیان نییە.
هاوڕێ ئەنوەر، ونبوویەکی هەڵەبجەیە و دەرکەوتنەوەی کێشەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. چونکە هاوڕێ وتی کە ناوی کوردەوانە و کوڕی مەحمود ناوێکە لە هەڵەبجە و بە وتەی خۆی بە تاقیکردنەوەی DNA سەلمێندراوە کوڕی ئەو پیاوەیە، بەڵام ئەو پیاوە رەتی کردەوە و تا ئێستاش کەیسەکەیان بەو شێوەیە ماوەتەوە.
فیلمەکە ناوی “ناسنامەکەم بەنەوە”ـیە. لە نووسین و دەرهێنانی زمناکۆ هیدایەت زەنگەنەیە و کەمتر لە 30 خولەکە، باس لە هەڵگرتنەوەی کوردەوان دەکات لە لایەن خێزانێکی کەرکوکییەوە تا گەڕانەوەی بۆ هەڵەبجە و گەڕان بەدوای کەسوکاریدا.
زمناکۆ هیدایەت، دەرهێنەری فیلمەکە بە تۆڕی 964ـی وت “لە رێی چیرۆکی کوردەوانەوە هەوڵم داوە ئازاری ونبووانی تاوانی ئەنفال و جینۆسایدی هەڵەبجە بگێڕمەوە”.
کوردەوان هەڵەبجەیی بەشداریی یەکەم نماییشی فیلمەکە بوو لە شاری کەلار.
“ئێمە ئازار و برینمان هەیە و راگەیاندنیش هێندەی تر برینەکەی قووڵتر کردین ئێمە ئازاری برینی کوردبوونمان هەیە”، کوردەوان هەڵەبجەیی وای وت.
پێشی وابوو دروستکردنی ئەو جۆرە فیلمانە بۆ ئەو کەیسانە و پیشاندانی ئەو ئازارە گەورەیە گرنگ و جێی بایەخە.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد