"گومان دەکەن ئاو بردبێتی"

هێشتا تەرمەکەی رووباری سیروان نەدۆزراوەتەوە

میلاد جەلال – کەلار

گەنجێکی 26 ساڵ کە لەگەڵ ئامۆزاکەی بۆ راوەماسی چووبوونە رووباری سیروان، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دەوروبەری کاتژمێر 4:00 خنکا و ئێستا چەند کاتژمێرێکە تیمەکانی بەرگری شارستانیی گەرمیان و ھاوڵاتییان لەو جێگایەی تێیدا خنکاوە، بەدوای تەرمەکەیدا دەگەڕێن.

ئیبراھیم محەمەد، وتەبێژی بەرگری شارستانی گەرمیان سەبارەت بەو رووداوە بە 964ى وت، “سیروان ئاوی زۆرە و بەخوڕە، گومان دەکەن تەرمەکە ئاو بردبێتی”.

باسی لەوەشکرد، لە چەند شوێنێکی خوارووتر لەو جێگایەی گەنجەکەی لێ خنکاوە تیمەکان بەردەوامن لە گەڕان و پشکنین.

ئەو گەنجە ناوی ئەحمەد لوقمانە تەمەنی 26 ساڵە، لەگەڵ ئامۆزایەکی بەمەبەستی راوەماسی ھاتبوونە رووباری سیروان لە کەلار.

بەپێی ئاماری بەرگری شارستانی گەرمیان، ئەمساڵ تا ئێستا سێ حاڵەتی خنکان لەو سنوورە تۆمار کراون.

پێداچوونەوە: هەژان هادی