نرخی جلی بوكێنی دەگاتە دوو دەفتەر دۆلار

+ڤیدیۆ

میدیازان – هەژار ئەنوەر – هه‌ولێر

بە قسەی یەکێک لە فرۆشیارانی جلی بوکێنی لە هەولێر، نرخی جلی بوکێنی هەبووە گەیشتووەتە ٢٠ هەزار دۆلار (دوو دەفتەر).

له‌ كوردستان خه‌ڵكی زیاتر له‌ به‌هار و پاییزدا هاوسه‌رگیری ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ له‌م دوو وه‌رزه‌دا خواست لەسەر جلی بووكێنی زیاتر بێت و نرخه‌كانیشیان به‌رز بێته‌وه‌.

زریان خەسرۆ یەكێك لە فرۆشیارانی جلی بوكێنی بۆ میدیازان وتی، “مۆدێلی ئێستای جلی بوكێنی زیاتر ستایلی خلیجی و سادە و هێلینە، خۆمان دیزاین و دوورینی بۆ دەكەین، تەنیا قوماشەكان لە دەرەوەی كوردستان هاوردە دەكەین، كە 150 جۆری قوماشمان هەیە”.

ئەو فرۆشیارە باسی لەوەش كرد، نرخەكان جیاوازن، بەڵام ئەوانەی داوای دروستكردنی تایبەت دەكەن گرانتر لەسەریان دەکەوێت.

بە قسەی ئەو، جلی بوكێنیان فرۆشتووە لە نێوان ١٠ بۆ ٢٠ هه‌زار دۆلار، هه‌روه‌ها بە كرێدانی ئەم جلانەش لە ٤٠٠ دۆلارەوە دەستپێدەكات تاوەکو سەروو پێنج هەزار دۆلار.