ئه‌مڕۆ “دێربیی ئیتالیا” و “دێربیی رۆما” به‌ڕێوه‌ده‌چن

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا

له‌ خولی ئیتالیا یاریی لووتكه‌ و دێربیی خوله‌كه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو یانه‌ی ئینته‌رمیلان و یوڤێنتۆس به‌ڕێوه‌ده‌چێت، له‌ كاتێكیشدایه‌ جیاوازیی نێوانیان زۆره‌، هه‌ر له‌ خوله‌كه‌دا دێربیی شه‌ڕانگێزانه‌ی رۆمای پایته‌ختیش ده‌كرێت.

له‌ گه‌ڕی 27ی خولی ئیتالیا، ئه‌مشه‌و یانه‌ی ئینته‌رمیلان له‌ یاریگه‌ی خۆیدا رووبه‌ڕووی یانه‌ی یوڤێنتۆس ده‌بێته‌وه‌، یارییه‌كه‌ كاتژمێر 22:45 ده‌ستپێده‌كات.

ئینته‌رمیلان ئێستا له‌ پله‌ی دووه‌مه‌ به‌ 50 خاڵ، یوڤێنتۆسیش له‌ پله‌ی حه‌وته‌مه‌ به‌ 38 خاڵ.

یوڤێنتۆس ئه‌م وه‌رزه‌ سزادراوه‌ و 15 خاڵی لێ كه‌مكراوه‌ته‌وه‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێشبینیی ده‌كرێت یارییه‌كی به‌هێز له‌ نێوان هه‌ردوولا بكرێت، هه‌ردوو یانه‌ش ئاستێكی باشیان هه‌یه‌، هه‌ردوولاش له‌ چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپالیگ گه‌یشتوونه‌ته‌ قۆناغی هه‌شت.

ئینته‌رمیلان بۆ یاریی ئه‌مڕۆ پێویستی به‌ بردنه‌وه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ یانه‌كانی لازیۆ، میلان و رۆما هه‌ڕه‌شه‌ی وه‌رگرتنی پله‌ی دووه‌می لێده‌كه‌ن و جیاوازیی كه‌می خاڵیان له‌گه‌ڵیدا هه‌یه‌.

ئه‌وه‌ی كێشه‌ی ئینته‌رمیلانه‌ له‌م وه‌رزه‌دا، هێڵی به‌رگرییه‌، كه‌ تا ئێستا له‌ 26 یارییدا 30 گۆڵی لێكراوه‌، ئه‌مه‌ش ژماره‌یه‌كی زۆره‌ به‌راورد به‌ دوو وه‌رزی رابردوو، كه‌ به‌ درێژایی وه‌رزه‌كان 35 و 32 گۆڵی لێكرا.

له‌ به‌رامبه‌ردا ماسیمیلیانۆ ئالێگری، راهێنەری یوڤێنتۆس هیوادارە یاریزانەکانی سوود لەم خاڵی لاوازی به‌رگریی یانه‌ی ئینته‌ر وه‌ربگرن و ئه‌نجامێكی باش به‌ده‌ست بهێنن.

هه‌ر ئه‌مڕۆ له‌ خولی ئیتالیا، یاریی دێربیی شاری رۆما هه‌یه‌، كاتێك لازیۆ و رۆما رووبه‌ڕووده‌بنه‌وه‌.

دێربیی رۆماییه‌كان زۆر به‌هێز و توندتیژه‌ و مۆركێكی دوژمنكارانه‌ی پێوه‌یه‌، چونكه‌ هه‌ردوو یانه‌ ركابه‌ری به‌هێز و مێژوویی یه‌كترن.

هاوكات ئێستا له‌م وه‌رزه‌دا ركابه‌رییه‌كه‌یان به‌هێزتره‌، به‌وپێیه‌ی لازیۆ له‌ پله‌ی سێیه‌مه‌ به‌ 49 خاڵ و رۆماش له‌ پله‌ی پێنجه‌مه‌ به‌ 47 خاڵ.

خشته‌ی یارییه‌كانی ئه‌مڕۆ له‌ خولی ئیتالیا:
سامپدۆریا – هێلاس ڤیرۆنا  14:30
تۆرینۆ – ناپۆلی 17:00
فیۆرێنتینا – لیچی  17:00
لازیۆ – رۆما  20:00
ئینته‌رمیلان – یوڤێنتۆس 22:45.