داهاتی ئاوی دەربەندیخان سفڕ بووەتەوە

بەنداوی دەربەندیخان وێنەی سۆشیاڵ میدیا

میدیازان – فەرمان سادق

داهاتی ئاوی دەربەندیخان نزیک بووەتەوە لە سفڕ، بەرپرسانی بەنداویش لە کوردستان دەڵێن هیچ مەترسی نیە.

رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێ داهاتی ئاوی دەربەندیخان نزیک بووەتەوە لە سفڕ، ئەمەش بەهۆی دواکەوتنی باران بە پلەی یەکەم و بوونی بەنداو لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر رووباری سیروان.

بەڕێوەبەری بەنداوەکان بۆ میدیازان، ئەوەی روونکردەوە کە مەبەست لە نزیکبوونەوە لە سفڕ بەمانای ئەوە دێت کە ئەو بڕە ئاوەی لە رووباری سیروان دەڕژێتە ناو بەنداوی دەربەندیخان لە نێوان مەترێک بۆ سێ مەترە، ئەمەش لای شارەزایانی بەنداو پێی دەوترێت نزیکبوونەوە لە سفڕ، چونکە “دوو بۆ سێ مەتر ئاو، بۆ رووباری سیروان وەک ئەوە وایە کە سفڕ بێت”.

میدیازان دەزانێت، لە وەرزی هاوین و پایزدا ئاستی ئاو بدناوەکان بە گشتی دادەبەزێت بەهۆی نەبارینی باران و کەمبوونەوەی ئاوی رووبارەکان، بەڵام لە وەرزی زستان و بەهاردا کە وەرزی بارینی باران و زیادکردنی ئاستی ئاوی رووبارەکانە ئەوا ئاوی بەنداوەکان زیاد دەکات و، بەشێک لەو ئاوە لە ئەمباری تایبەتی بەنداوەکان هەڵدەگیردرێن.

رەحمان خانی، کە پێشتر بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخانیش بوو، ئاماژەی بەوەشکرد کە لەو ماوەیەی ئاستی ئاوی رووباری سیروان دادەبەزێت و باران بارانیش دوادەکەوێت، ئەوا سوود لەو ئاوە وەردەگرین کە لە ئەمبارەکان هەڵگیراون.
زیاتر وتی “ئەو دۆخەی هەیە هیچ زیانێکی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان و کشتوکاڵ نیە، رۆژانە تا ٢٥ مەتر ئاو بەردەدرێتەوە بۆ سوود لێ وەرگرتنی لەلایەن جوتیاران و خەڵکی بە گشتی، بەڵام لەم ماوەیەدا رەنگە ئاستی بەردانەوەکە کەم بکەینەوە”.

بەنداوی دەربەندیخان، دەکەوێتە سەر زێی سیروان، ساڵی ١٩٤٦ دەستکراوە بەکارکردن تێیداو ساڵی ١٩٦١ کۆتایی هاتووە، توانای گڵدانەوەی دوو ملیارو ٥٧٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، بەرزییەکەی ١٢٨ مەترەو پانییەکەی لە بنەوە ٥٠٠ مەترەو لە سەرەوە ١٧ مەترە، درێژییەکەی بە کەناڵە زیاداوەکانیشەوە ٥٣٥ مەترە.