خەڵکی رۆژهەڵاتە
ئەندازیارێک ئەسکەلە کەوت بەسەریدا و رۆحی کێشا
شڤان عەبدوڵا – دهۆک
لە دەوروبەری کاتژمێر 12:00ی ئەمڕۆ سێشەممە، لەسەر باڵەخانەیەکی کۆمەڵگەی کواشی سەر بەقەزای سێمێل، ئەسکەلەیەک بەربووتەوە و بەر سەری ئەندازیارێک کەوت، و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.
لەو کاتەدا ئەندازیار و کرێکار کاریان لە باڵەخانەیەکدا کردووە.
ئەندازیارەکە ناوی رەزا محەمەد شوجاعییە و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، تەمەنی 54 ساڵە و خێزاندارە، وەک پیشە ئەندازیاری ئاسانسۆر “مەسعەد “ـی باڵەخانە بووە.
کیڤی بامەڕنی، پارێزەری یەکێتی سەندیکای کرێکارانی کوردستان لقی دهۆک بە 964 وت، لەساتی رووداوەکە، تەرمی ئەندازیارەکە بردرایە پزیشکی دادیی دهۆک و کەسوکاری ئەندازیارەکەشمان ئاگادارکردەوە، کار دەکەین بۆ رادەستکردنەوەی تەرمەکەی.
ئەمە لەکاتێکدایە پێش 20 روژ لەسەر باڵەخانەیەکی تری قەزای سێمێل چوارکرێکار بەهۆی شکانی ئێسکەلەی تاوەرێک گیانیان لە دەستدا.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا