بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دۆلار لە کوردستان دادەخرێن

964+
رێژوان قادر – سلێمانی

بە بۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆزەوە بۆ ماوەی پێنج رۆژ تەواوی بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە سەرجەم کوردستان دادەخرێن.

داخستنەکە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە دەبێت کە رۆژانی نەورۆزن، هەروەها هەینی بەدوادا دێت کە خۆی پشووە.

جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە 964ـی وت، ئەو چەند رۆژە بەبۆنەی نەورۆز بازاڕی دۆلار دادەخرێت و هەینیشی دێتەسەر، بۆیە تاوەکو شەممەی داهاتوو بازاڕەکان ناکرێنەوە.

“تەنانەت بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە بەغداش دادەخرێت”.

بەڵام مام غازی، ئەندامی ئەنجومەنی بازاڕی دراو لە هەولێر بە 964ـی وت، لە هەولێر رۆژی یەکشەممە 26.3.2023 بازاڕی دراو دەکرێتەوە، واتە بۆ ماوەی پێنج رۆژ دادەخرێت.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق