خانەنشین بوو

بەرگری شارستانی سلێمانی پاڵەوانێکی بە گوڵ و رێزلێنان و پەخشان بەڕێکرد

فەرهاد حەسەن

بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی دەڵێت ئەمڕۆ ماڵئاویی لە سەربازێکی ون و دەستێکی ماندوو دەکەن، کە ساڵانێکی درێژە تەمەنی خۆی لەنێو ئاسن و بزوێنەرەکاندا بەسەر بردووە.

ئەو کارمەندەیان ناوی حەسەن عەلی محەمەد، کارمەند بووە لە بەشی ئامێرەکان و ئێستاش خانەنشین بووە.

جگە لەوەی گوڵ و رێزلێنانیان پێشکەش کرد، لە لاپەڕەی فەیسبووکەکەشیان بە پەخشانێک ماڵئاواییان لێکردووە و دەڵێت:

زۆرجار کە دەنگی زەنگی ئۆتۆمبێلەکانی بەرگری شارستانی دەبیستن و دەیانبینن بەناو جەنجاڵیی شەقامەکاندا بۆ رزگارکردنی گیانی هاوڵاتیان پەلە دەکەن، رەنگە کەم کەس بزانێت لەپشت ئامادەیی ئەو ئۆتۆمبێلانەوە، چەندین دەستی ماندوونەناس و چەندین سەربازی ون شەونخونی دەکەن.

ئەو و هاوڕێ دڵسۆزەکانی، تەنیا وەستا یاخود کارمەندی ئامێرەکان نەبوون، بەڵکو ئەوانە بوون کە بە رۆحی خۆیان گیانیان کردەوە بەبەر ئۆتۆمبێلە مردووەکاندا. لەو ساتانەی کە ئامێرێک پەکی دەکەوت و هیوایەک بۆ چاککردنەوەی نەدەما، دەستە رەنگینەکانی کاک حەسەن و هاوڕێکانی بوون دەبوونەوە بە فریادڕەس و ئۆتۆمبێلەکانیان بۆ خزمەتی خەڵک دەگەڕاندەوە.

کارەکەی ئەوان پڕە لە مەترسی و ماندووبوونی جەستەیی، بەڵام چونکە هەمیشە لەپشت پەردەی رووداوەکانەوە بوون، کەمتر چاومان لێیان بووە، بێگومان ئەگەر ماندووبوونی ئەمان نەبوایە، هیچ ئۆتۆمبێلێکی ئاگرکوژێنەوە نەدەگەیشتە شوێنی رووداو.

برا و هاوپیشەمان ، ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی و وەک هاوڕێکانت، سەری رێز بۆ ئەو هەموو ساڵە لە دڵسۆزی و ماندووبوونت دادەنەوێنین، جێ دەستت لەسەر هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەی ئەمڕۆ لە شەقامەکاندان بۆ پاراستنی سلێمانی، بە دیاری دەمێنێتەوە پاش خۆت. خانەنشینبوونت  پیرۆز بێت و تەمەنت درێژ و پڕ بێت لە تەندروستی و شادی.