لە موسڵەوە دەگەڕانەوە بەغدا
لەرووداوێکی هاتوچۆدا سێ سەربازی سوپای عێراق گیانیان لەدەستدا
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە ؛ەسەر رێگای گشتی کەرکوک بۆ بەغدا سێ سەربازی عێراقی گیانیان لەدەستدا و پێنجیش بریندار بوون.
رووداوەکو، درەنگانی ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لە نزیک “پردی سەرحە” لەسەر ئەم ڕێگا گشتییە روویداوە و لە جۆری وەرگەڕان بووە.
ئیحسان عەباس، بەڕێوەبەری هاتوچۆ دەرەکیەکان بە 964ـی راگەیاند، تیمەکانیان دەستبەجێ گەیشتونەتە شوێنی ڕووداوەکە و دەرکەوتووە کە ئۆتۆمبێلیکی جۆری فۆرت کە سەرنشینەکانی سوپای عێراق بوون و لە فیرقەی هەشتی سوپا دەوامیان کردووە و لە شاری موسڵەوە بەرەو بەغدا دەگەڕانەوە، لەنزیک ئەو پردە وەرگەڕاون و هەر لەشوێنی روداوەکە سێ سەرباز گیانیان لەدەستداوە و پێنج سەربازی دیکەش برینداربوون.
وتیشی “دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە کە هۆکاری روداوەکە بەهۆی خێرایی زۆر و لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی ئۆتۆمبێلەکە بووە لەلایەن شۆفێرەکەوە”.
لایخۆشییەوە، ئیبراهیم خالید، ئێشکگر لە نەخۆشخانەی گشتی خورماتوو بە 964ـی وت، دوای گەیاندنی بریندارەکان بە نەخۆشخانە، چارەسەری پێویست بۆ سەرجەمیان کراوە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە دوو لە بریندارەکان بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری و پشکنینی زیاتر ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئازادی کەرکوک کران.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن