خولی نایابی کوردستان

شێروانە چەمچەماڵی گۆڵباران کرد

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

لە گەڕی 22ـی خولی نایابی کوردستان ئەمڕۆ شەممە، یانەی چەمچەماڵ بوو بە میوانی یانەی شێروانە یاریەکەشی بە ئەنجامی پێنج بە دوو دۆڕاند.

گێمی یەکەمی یارییەکە بە گۆڵێک بۆ هەردوولا یەکسان بوو، یانەی خانەخۆ لە خولەکی 40 لە رێگەی یاریزان دیاکۆ فواد و یانەی میوانیش لە خولەکی 43 لە رێگەی یاریزان سەعید قودرەت بە لێدانی سزا، گۆڵی بەرامبەری تۆمار کرد.

گێمی دووەم، بە گۆڵی دووەمی یانەی چەمچەماڵ لە خولەکی 48 دەستی پێکرد کاتێک یاریزان محەمەد رەزا یانەکەی پێشخست، بەڵام خۆشی چەمچەماڵییەکان زۆری نەخایاند و یاریزانانی شێروانە گۆڵبارانی چەمچەماڵیان کرد.

لە خولەکەکانی 54، 58، 67 و 83 چوار گۆڵیان لە رێگەی یاریزانان بەمۆ غەریب، موسعەب جەمال دوو گۆڵ و هەڵمەت عادل تۆمار کرد.

یاریەکە بە 5 گۆڵ بەرامبەر 2 گۆڵ لە بەرژەوەندی شێراونە کۆتایی هات، بەو ئەنجامەش یانەی شێروانە بە کۆکردنەوەی 28 خاڵ لە ریزبەندی هەشتەمی خولی پلە نایابی کوردستان دێت، چەمچەماڵیش بە 21 خاڵ لە ریزبەندی 13ـیەمین دێت.

عادل عەلی، راھێنەری یانەی شێروانە بە 964 وت، دڵخۆشین لە دوای سێ یاری تامی بردنەوەمان کرد، ئەم “سێ خاڵەی ئەمڕۆ بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو”.

لەبارەی ھۆکاری دۆڕانی یانەکەی، رێبوار خدر سەرۆکی یانەی چەمچەماڵ بە 964ـی وت، یاریەکەمان بەبێ راھێنەر ئەنجامداوە و ماوەی نزیکەی ھەفتەیەکە دەستەی راھێنەرایەتی یانەکە دەستیانلەکار کێشاوەتەوە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق