بەهۆی نۆژەنکردنەوە

 ئەمڕۆ بەشێک لە شەقامی 120 مەتری هەولێر دادەخرێت

وریا فەتاح

سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە کە بەهۆی دەستکردن بە پرۆسەی چاککردنەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە بەشێک لە شەقامی 120 مەتری بە رووی هاتووچۆوە دادەخرێت.

بەپێی راگەیەندراوێکی شارەوانیی هەولێر، داوا لە شۆفێران کراوە ئەم بەشانەى شەقامى 120 مەترى بەکارنەهێنن:

سایدی رێگای پیرمام، بەدیاریکراوی لە سووڕانەوەکە بەرەو شاری ئیتالی (2) لەسەر شەقامی 120 مەتری.
شەقامی 120 مەتری لە نێوان بەرزەپردی بەحرکە بەرەو بەرزەپردی پیرمام (بەدیاریکراوی لە بەردەم گوندی ئارام تاوەکو بەرزەپردی پیرمام).
شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانج لەم بڕیارە رێگریکردنە لە دروستبوونی لۆد و قەرەباڵغی و خێراتر راپەڕاندنی کارەکانی نۆژەنکردنەوەکەیە، بۆیە داوا لە شۆفێران دەکات تا تەواوبوونی کارەکان رێگای جێگرەوە بەکاربهێنن.