لە مانگی تەمموزی ئەمساڵ

ترەمپ بۆ لوتکەی ناتۆ و کۆبونەوە لەگەڵ سەرکردە ئەوروپییەکان دەچێتە تورکیا

فەرهاد حەسەن

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەنیازی بەشداریکردنە لە لوتکەی داهاتوی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) کە بڕیارە لە مانگی داهاتوو لە ئەنقەرەی پایتەختی وڵاتەکەی بەڕێوەبچێت.

هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە میانی چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی “بلومبێرگ”، لە سەنگافورە رونیکردەوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئارەزوی بەشداریکردن لە لوتکەی داهاتوی ناتۆ دەکات کە بڕیارە لە ڕۆژانی 7 و 8ی تەمموزی ئەمساڵ لە ئەنقەرە بەڕێوەبچێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ترەمپ لە میانی چەند پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی ئەم دواییەیدا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا، پلانەکانی خۆی بۆ سەردانی تورکیا و ئامادەبوون لە کۆبونەوەی سەرکردەکانی هاوپەیمانییەکە ئاشکرا کردوە.

جەختی لەوەکردەوە کە ئیدارەی ئەمریکا لە ئێستادا فشار لەسەر هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ دروستدەکات بۆ زیادکردنی خەرجییە بەرگری و سەربازییەکان و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی گەورەتر لە پاراستنی ئاسایشی ئەوروپا، ئەوەش یەکێک دەبێت لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆی نێوان سەرکردەکان لە لوتکەی چاوەڕوانکراوی ئەنقەرەدا.

پێشتر، دۆناڵد ترەمپ چەندینجار و بە توندی ڕەخنەی لە وڵاتانی ئەوروپا گرتوە بەهۆی کەمیی خەرجییە سەربازی و بەرگرییەکانیان، و داوای بەرزکردنەوەی ئەم خەرجییانەی بۆ ئاستێکی بەرزتر کردوە تاوەکو پشکی دادپەروەرانەی خۆیان بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی هاوپەیمانی ناتۆ بدەن.