هۆشدارییەکە بۆ 10ـى 6ـە
رێگای کەمەربەندیی خەلیفان؛ چاڵ و چۆڵی کەمبوو، تەپوتۆزیشی هاتە سەر
ئاکام غەفور- خەلیفان
شۆفێران و دانیشتوانی نزیک رێگای کەمەربەندیی خەلیفان بەدەست خراپیی رێگاکە و بڵاوبوونەوەی تەپوتۆزێکی زۆرەوە دەناڵێنن، ئەوەش دوای ئەوەی چاڵەکانی رێگاکە بە “چەو” پڕکرانەوە و بوونە هۆی دروستبوونی تۆز و خۆڵێکی زۆر کە ئاستی بینینی کەمکردووەتەوە.
رێگای کەمەربەندیی خەلیفان، یەکێکە لە رێگا ستراتیژییەکان چونکە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە پارێزگای هەولێرەوە دەبەستێتەوە و وەک دەروازەی ئیدارەکە دەناسرێت، هاوكات تەواوی جووڵەی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران لە رێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانەوە بەو رێگایەدا تێپەڕ دەبێت.
رووناك یوسف، کە ماڵی لە نزیک کەمەربەندیی خەلیفانە، بە تۆڕی 964ـى راگەیاند: “لە دوای رۆژانی جەژنەوە بەهۆی ئەو تەپوتۆزە زۆرەوە تووشی تەنگەنەفەسی بووم و چەند جارێک سەردانی نەخۆشخانەم کردووە، ژیانمان نەماوە، نە دەتوانین لە ماڵ بێینە دەرەوە و نە دەشتوانین موبەریدە هەڵبکەین.”
رووناک جەختیشى کردەوە ئەگەر تا 10ـى 6 کار لە رێگاکەدا نەکرێت، گردبوونەوە دەکەن و رێگاکە دەگرن.
لای خۆشیەوە پێشواز حوسێن، هاووڵاتییەکی تری ناوچەکەیە و دەڵێت: “تۆز و خۆڵ بەردەوام بەری ئاسمانی گرتووە و مانگێکە ژیانمان لێ تێکچووە، بۆ جەژن ماڵەکەمان پاککردەوە بەڵام ئێستا سەیرکەیت دەڵێیت ئەشکەوتە و کەسی تێدا ناژی، داواکارین هەرچی زووە ئەم رێگایەمان بۆ چاک بکەن.”
پێداچوونەوە: وریا فەتاح