50 هەزاریش کارتیان وەرنەگرتوەتەوە
سەرپەرشتیار: هەزاران خانەنشین هێشتا ناویان لە پڕۆژەی ” هەژماری من” تۆمار نەکردووە
فەرهاد حەسەن
سەرپەرشتیاری پڕۆژەی “هەژماری من” رایگەیاند، لە کۆی 350 هەزار خانەنشین، زیاتر لە نیوەیان لە رێگەی “هەژماری من”ـەوە موچە وەردەگرن، بەڵام هێشتا 50 هەزار کەس کارتیان وەرنەگرتوەتەوە و هەزارانی دیکەش ناویان تۆمار نەکردوە.
عەزیز ئەحمەد، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی “هەژماری من” كە هاوكات جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە لە تۆڕی X بڵاویکردووەتەوە، ئەو ژمارە خانەنشینەی چونەتە ناو پڕۆژەی “هەژماری من” بە شێوەیەکی مۆدێرن موچەکانیان وەردەگرن، ئەمەش وایکردوە کۆتایی بە نۆرەگرتنی درێژ و ماندوبوونی بەردەمی بانکەکان بهێنرێت.
داوا دەکات خانەنشینان و کەسوکاریان پەلە بکەن لە تەواوکردنی رێکارەکان بۆ ئەوەی کۆتایی بە نۆرەگرتنی درێژ و دڵەڕاوکێی وەرگرتنی موچە بهێنرێت.
سەبارەت بەو خانەنشینانەی هێشتا نەچونەتە ناو سیستەمەکە، عەزیز ئەحمەد دەڵێت، نزیکەی 50 هەزار خانەنشین سەرەڕای ئەوەی کارتە بانکییەکانیان بۆ چاپکراوە، بەڵام هێشتا وەریان نەگرتوەتەوە، ئاشکراشی کرد کە هەزاران خانەنشینی دیکەش تاكو ئێستا ناوی خۆیان لە پڕۆژەکەدا تۆمارنەکردووە، ئەمەش وەک کێشەیەک لەبەردەم گواستنەوەی تەواوەتی بۆ سیستەمی دیجیتاڵی دەبینرێت.
پڕۆژەی “هەژماری من” پڕۆژەیەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ گۆڕینی سیستەمی پێدانی موچە لە نەختینەوە بۆ دیجیتاڵی، لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەوە، موچەخۆران دەبنە خاوەنی هەژماری بانکی و کارتی مۆدێرن، کە رێگەیان پێدەدات لەبری نۆرەگرتنی درێژ، بە ئاسانی لە رێگەی ئامێرەکانی ATM موچەکانیان وەربگرن و سوود لە خزمەتگوزارییەکانی وەک قەرز و کڕینی ئۆنلاین وەربگرن.
ئەم پڕۆژەیە بۆ یەکەمجار لە شوباتی 2023 بە شێوەیەکی تاقیکاری لە هەولێر دەستیپێکرد و دواتر لە ئەیلولی هەمان ساڵدا بە شێوەیەکی بەرفراوان بۆ سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم راگەیەندرا، ئامانجی سەرەکی پڕۆژەکە رێکخستنەوەی کەرتی دارایی، زیادکردنی شەفافیەت و تێکەڵکردنی سیستەمی بانکیی هەرێمی کوردستانە بە سیستەمی دارایی جیهانی.