شارەوانی چاوەڕێی وەزارەتەکەی دەکات
شەقامێکی 40 مەتری لە هەڵەبجە جێبەجێ دەکرێت “لە قۆناغی دەرخستەدایە”
فەرهاد حەسەن
سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە، هاوڵاتیانی سنووری پارێزگاکەی لە پڕۆژەیەکی نوێ بۆ شارەکەی ئاگادار دەکاتەوە ئەویش دروستکردنی شەقامێکی 40 مەترییە و شێوازێکی بازنەیی بەخۆوەدەبینێت.
ئەندازیار سلام بیلال، سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە نووسیویەتی، نزیکەی سێ مانگە ستافی ئەندازەییەکانی شارەوانی سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆپۆزەڵێکن بۆ زنجیرەی جادەی 40 مەتری هەڵەبجە، دەست خۆشی لەو ستافە ئەندازیانە دەکات بە جیاوازی پسپۆڕەکانیانەوە، سووپاسی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەباشی کردووە کە ئەوانیش بەشداربوون لە ئامادەکردنی بڕگەی کارەبایی.
دەڵێت “هەفتەی پێشوتر، پڕۆپۆزەڵەکەم گەیاندوەتە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ستافی ئەندازەیی ئێمە و بەڕێوەبەرایەتی دیزاین لەوەزارەت سەرقاڵی ئامادەکردنی دەرخستەن بۆ ئەو مەبەستە” .
بەپێی ناوەڕۆکی پرۆژەکە، درێژی شەقامەکە 19.8 کیلۆمەترە و دەکەوێتە ناو گەڕەکە نوێیەکان و بەشێکی بەدەوری شاردا دەڕوات، پانییەکەی 40 مەترە لە هەندێک شوێنیس شەقامی لاوەکی لە تەنیشتە.