زیاتر لە 30 شوێن
لە قەزای دوکان گرانفرۆشی کراوە و سزای بەدواهات
ئەحمەد مستەفا
ژمارەیەک دوکان و شوێن لە قەزای دوکان بەهۆی گرانفرۆشی سزادران، وە دوای ئامادەکردنی سێ کوشتارگە لە قەزای دوکان، بە مەبەستی ئەنجامدانی قوربانی لە دەستپێکی کارەکانیان لیژنەی هاوبەش کوشتارگەکانی دەرمانڕێژ کرد.
وا بڕیارە، رۆژانی جەژنیش نوێنەری ڤێتێرنەری ئامادەی کوشتارگەکان بێت.
لە راگەیەندراوێکدا، قایمقامیەتی دوکان دەڵێ، لیژنەی هاوبەش سەردانی بەشێکی زۆری شوێنە گەشتیارییەکانی کردووە و لە ئەنجامی بوونی زیادکردنی نرخ زیاتر لە 30 شوێنی گەشتیاری سزای مادی دران و ئاگادار کرانەوە لە ئەگەری دووبارە کردنەوەی سەرپێچییەکان رووبە ووی سزای توندتر دەبنەوە.
ئامانج لە بەدواداچوونەکانی لیژنەی هاوبەش چاودێری ئەو رێنمای و رێکارانەیە کە پێشتر بەخاوەن پڕۆژەکان دراوەو بۆ بازاڕ و مارکێتەکانیش هەمان بەدواداچوون ئەنجام دەدەن.
سیروان سەرحەد، قایمقامی دوکان رایگەیاندووە، سەرجەم هێز و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و لیژنەکان لە ئەرکدان لەپێناو سەلامەتی گەشتیاران و رەخساندنی کەشێکی گەشتیاری گونجاو بۆ هاوڵاتیان.
ئەو وتوویەتی، پێویستە هەمووان پابەندی رێنماییەکان بن و هەر سەرپێچییەک بکرێت، رێکاری یاسایی لە بەرامبەر دەگیرێتەبەر.