وەزیری دەرەوەی ئەمریکا:

رەنگە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا هەواڵێکی خۆش لەسەر گەرووی هورمز ببیستین

+964

مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ هیندستان رایگەیاند کە پێشکەوتنی بەرچاو لە کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان لەگەڵ ئێران بەدەستهاتووە و پێشبینی دەکرێت بەمزوانە پێشهاتی ئەرێنی سەبارەت بە ئاسایشی گەرووی هورمز رابگەیەندرێت.

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی هیندستان، مارکۆ رۆبیۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رایگەیاند: “ئەگەری هەیە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، جیهان هەواڵێکی خۆش سەبارەت بە گەرووی هورمز ببیستێت.” جەختیشیکردەوە کە بە هیچ شێوەیەک رێگە نادرێت ئێران کۆنترۆڵی ئەو گەرووە ستراتیژییە بکات.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی واشنتۆن و تاران، رۆبیۆ ئاشکرایکرد کە بە هاوکاری و هەوڵی وڵاتانی کەنداو، پێشکەوتنی بەرچاو لە پرسی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان لەگەڵ ئێران هاتووەتە ئاراوە، بەڵام دووپاتیکردەوە کە “گرنگترین ئامانجی ستراتیژیی ئەمریکا، رێگریکردنە لەوەی ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت.”

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دا لە تێکدانی ئاسایشی جیهانی و وتی: “نابێت هیچ وڵاتێک رێڕەوە دەریایی و ئاسمانییەکان بۆ مەرامی خۆی بقۆزێتەوە. پێویستە ئازادیی کەشتیوانی و دەریایی لە ناوچەکەدا بەتەواوی مسۆگەر بکرێت، چونکە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە رێڕەوە دەریاییەکاندا کارێکی تەواو نایاساییە.”

رۆبیۆ تیشکی خستە سەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هیندستان و ئاماژەی بەوە کرد کە هیندستان یەکێکە لە گرنگترین هاوبەشە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لە جیهاندا، و هەردوو وڵات بەرژەوەندیی گەورەی هاوبەشیان پێکەوە هەیە.