دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا
شەوی رابردوو لە کوردستان و ناوچەکە چی روویدا؟
ترەمپ لە هەڕەشەکردن ناکەوێ و هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکەش شەڕیان ناوێ
شۆڕش قادری
ترەمپ لە هەڕەشەکردنی خۆی ناکەوێ و هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکەش نایەنەوێ جەنگ بەرۆکیان بگرێتەوە، ئەگەر بەهۆی پشوو و سەیرانەوە ئاگاتان لە هەواڵەکان نەبووە، خەمتان نەبێ، کورت و پوخت پێتان دەڵێین لە 24 کاتژمێری رابردوودا چی روویداوە؛
ئەکسیۆس: دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ئەندامانی باڵای تیمی ئاسایشی نیشتمانی کۆبوونەوەیەکی سەبارەت بە شەڕی ئێران ئەنجامداوە و بە جددی بیر لە دەستپێکردنی لێدانی نوێ دەکاتەوە ئەگەر بەرەوپێشچوون لە دانوستانەکان بەدی نەکرێت.
بەر لە دەستپێکی وتارەکەی لە نیویۆرک، پەیامنێرە تایبەتەکەی کۆشکی سپی لە ترەمپی پرسی کەی کۆتایی بە پێدانی چانسەکان بە ئێران دەهێنیت؟ ترەمپ خۆی لێ کەڕ کرد و بەلایدا تێپەڕی.
میدیای ئەمریکا: ترەمپ پلانەکانی کۆتایی هەفتەی هەڵوەشاندووەتەوە و گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بەتەلفۆن قسەیان کرد و بەپێی میدیاکانی ئێران، لەبارەی پەیوەندی دوولایەنە و پاراستنی سنوورەکان و دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە گفتوگۆیان کردووە.
جگە لە سەرۆکی هەرێم، عەباس عێراقچی لە شەو و رۆژی رابردوودا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ فواد حسێن، هاکان فیدان و شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان وەزیرانی دەرەوەی عێراق و تورکیا و قەتەر و چەندین بەرپرسی دیکەی ناوچەکەش ئەنجامداوە.
عێراقچی خەو و خۆراکی لێ حەرام بووە و جگە لەو پەیوەندیانە، تا درەنگانی شەوی رابردوو لەگەڵ عاسم مونیر سوپاسالاری پاکستان لە گفتوگۆ و کۆبوونەوەدا بووە کە دوێنێ چووە تاران بۆ ئەوەی هەرچۆنێک بێ رێگە لە سەرهەڵدانەوەی جەنگ بگرێت.
لە پەراوێزی لوتکەی ناتۆ لە سوید، مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبوونەوە.
مارکۆ رۆبیۆ: کاردەکەین بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێران شتێک بە شتێک بکەین و رێبکەوین و گەرووی هورمزیش بکرێتەوە، بەڵام دەبێت ئێران دەستبەرداری تەماحە ئەتۆمییەکانی بێت.
ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران: ناکۆکییەکانمان لەگەڵ واشنتن گەورەن، بەتایبەت دوای ئەو تاوانانەی لە چەند مانگی رابردوودا ئەنجامدراون، لە ئێستاشدا تەواوی سەرنجمان لەسەر کۆتاییهێنانە بە جەنگ بەتایبەت لە لوبنان.
بەقایی: لەم قۆناغەدا ئەگەر بمانەوێت باس لە وردەکارییەکانی ئەتۆم و یۆرانیۆمی پیتێنراو بکەین، ناگەینە هیچ ئەنجامێک، سەردانی سوپاسالاری پاکستانیش بۆ ئێران، مەرج نییە بەو واتایە بێت کە گەیشتوونەتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە لە دانوستانەکاندا.
رۆیتەرز: دوێنێ ههینی تیمێكی دانوستانكاری قهتهری به ههماههنگی لهگهڵ ئهمریكا چوونەتە تاران بۆ هاندان و هاوکاریکردن بهمهبهستی گهیشتن به رێككهوتن و كۆتاییهێنان به شهڕ و چارهسهركردنی كێشه ههڵپهسێردراوهكان.
ئاژانسی هەوڵی تەسنیم نزیک لە سوپای پاسداران لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویکردووەتەوە، هێزە چەکدارەکانی ئێران خۆیان بۆ هەموو سیناریۆیەکی پێشبینیکراوە ئامادە کردووە و ئەگەر ئەمریکا و ئیسرائیل هێرش بکەنەوە سەر ئەو وڵاتە، ئەو بەشێوەیەکی جیاواز لە پێشوو رووبەڕوویان دەبنەوە.
سعودیه ئاشکرایکرد، تاوەکو ئێستا نزیکەی ملیۆنێك و 500 ههزار كهس بهمهبهستی بهجێهێنانی فهریزهی حهجی ئەمساڵ گهیشتونهته خاكی ئەو وڵاتە.
سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر رەزامەندی کۆتایی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی زەوییەکانی گردجووتیار راگەیاند، لەمەودوا خاوەن زەوییەکان دەتوانن مۆڵەتی فەرمیی خانوو وەربگرن و دەست بە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکەیان بکەن.