وێنەکە ساڵی 2008 نیشان دەدات، کە دەیڤید پێترایۆس بە ئاسمانی بەغداوەیە - وێنە: پێنتاگۆن
حەشدی شەعبی "دڵی گفتوگۆکان" بووە
دەیڤید پێترایۆس هات و پێنج رۆژ لە بەغدا ماوەتەوە
ئەحمەد مستەفا
ئەمریکا مەرجی داماڵینی چەک لە کوتلە چەکدارەکان و لابردنی سەرکردەکانیان، لە هەمانکاتدا دانانی ئەفسەری پیشەیی بۆ سەرپەرشتیکردنی ژێرخانی هێزەکانی حەشدی شەعبی وەک پێشمەرجێک بۆ یەکخستنی گروپەکان و ئاسایبوونوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق داناوە، دەیڤید پێترایۆس لە بەغدا بوو ئەمەی تاوتوێ کردووە.
چەند رۆژێک پێشا ئێستا وێنەیەکی جەنەڕاڵی خانەنشینکراو دەیڤد پێترایۆس بینرا لە فڕۆکەدا بەرەو عێراق دەهات، کۆبوونەوەکانی تاڕادەیەکی زۆر لە میدیا نەدەبینرا، بەڵام سەرچاوەیەک بە رۆژنامەی الشرق الاوسط ی وتووە، پێنج رۆژیش ماوەتەوە.
بەڵام گروپە شیعەکان پێیان وایە جێبەجێکردنی ئەو پلانە کە ئێستا لەژێر گفتوگۆدایە، حکومەتەکەی عەلی زەیدی دەخاتە ئاستێکی نایەکسانی لەگەڵ ئێران و کوتلە سەر بە ئێرانییەکان، بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی گەرەنتی و هۆشداریشیان لە “پەرتەوازەیی و نائارامی ناوخۆیی” داوە.
پێترایۆس لە بەغدا چی دەکرد؟
ئەو زانیارییانەی لەلایەن بەرپرسانی بەشداربوو لە گفتوگۆ تەکنیکی و سیاسییەکان سەبارەت بە داهاتووی هێزەکانی حەشدی شەعبی ئاشکراکراون، هاوکات بووە لەگەڵ سەردانێکی هەفتەی رابردوودا بۆ بەغدا لەلایەن جەنەڕاڵێکی خانەنشینکراوی ئەمریکی دەیڤید پێترایۆس، کە خۆی لە بنەڕەتدا بە پلەی “شارەزای سەربەخۆ” خزمەتگوزاری ڕاوێژکاری پێشکەش بە کۆشکی سپی دەکات.
دوای جێهێشتنی بەغدا، پێترایۆس لە 17.5.2026 لە هەژمارەکەی نوسوویەتی، “ئەو بەرپرسە عێراقییانەی کە چاویان پێم کەوت، دانیان بەوەدا ناوە کە گرنگە دڵنیابن لەوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق قۆرخکاری لەسەر بەکارهێنانی هێز بپارێزن”. وە دەڵێ، “بەگەشبینییەوە عێراقی بەجێهێشتووە بەرامبەر بەو شتانەی بیستوویەتی، لە هەمان کاتیشدا هەندێک خاڵی واقعی ماونەتەوە سەبارەت بە سروشتی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئێران”.
شرق ئەلئەوسەت دەڵێ، زانیویەتی کە پێترایۆس پێنج رۆژی لە بەغدا بەسەر بردووە و لەو ماوەیەدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆبووەتەوە، بەگوێرەی سەرچاوەکان، چارەنووسی گروپەکانی حەشدی شەعبی “دڵی گفتوگۆی جددییەکان”بووە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە شرق ئەلئەوسەتی وتووە، پێترایۆس وەک “هاوڵاتییەکی تایبەت” سەردانی بەغدای کردووە.
بەڵام ئاستی ئەو کۆبوونەوانەی لەوێ ئەنجامدا کە بریتی بوون لە فایق زێدان سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری عێراق و عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران و هەیبەت حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان و لیوا کەریم تەمیمی سەرۆکی دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە سەردانێکی شەخسی تێپەڕی، سەرچاوەیەکی ئاگاداری عێراقی وتوویەتی، کۆبوونەوەکانی پێترایۆس لەسەر یەک ئامانج بووه، ئەویش چاکسازی له دامەزراوه سەربازییەکان و هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی ئێستای هێزەکانی حەشدی شەعبی.
کۆمپانیاشی هەیە
پێترایۆس یەکێکە لەو فەرماندە دیارانەی کە پەیوەندی بە شەڕی عێراقی دوای 2003 وە هەیە. ئەزموونی خۆی لە رێگەی چەندین رۆڵی مەیدانی و ستراتیژییەوە بەدەستهێناوە، دیارترینیان فەرماندەیی فیرقەی 101ی ئاسمانی بووە لە کاتی داگیرکارییەکەدا کە رژێمی سەدام حوسێنی رووخاند.
لە ئێستادا پێترایۆس وەک هاوبەش و بەرپرسی سەرەکی کارگێڕی لە کۆمپانیای KKR کە کۆمپانیایەکی جیهانی بەڕێوەبردنی سەروەت و سامانە، کاردەکات. ئەو زانیاریانەی لە ماڵپەڕەکەیدا بەردەستن، ئاماژە بەوە دەکەن کە کارەکانی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرەو فراوانبوون دەچن، هەرچەندە هیچ باسێک لە عێراق نەکراوە.