دەشکێندرێن و پارچەیان لێدەکرێتەوە
لە ترسی زیانگەیاندن پێیان شوێنەوارەکان ئاشکرا ناکرێن
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
لەگەڵ ئەوەی دەبنە سەرچاوەیەکی گرنگی گەشتیاری، بەڵام لە ترسی زیانگەیاندن پێیان دەستەی گەشتوگوزار ناونیشانی شوێنەوارەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا ناکات.
ناوبەناو دوای ئاشکراکردنی چەند ناوچەیەکی شوێنەواری، هێرشیان کراوەتەسەر و زیانیان پێ گەیەندراوە، ئەو حاڵەتانەش تا ئێستا نزیکەی دە جار دووبارە بوونەتەوە.
لە هەرێمی کوردستان پێنج هەزار و 800 شوێنەوار دۆزراونەتەوە و بە پێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوارەکانی هەرێم پێشبینی دەکرێت دە هەزار شوێنەوار لە هەرێمدا هەبن و پێویستیان بە دۆزینەوەیە.
نادر روستی، شارەزای شوێنەوار لە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بە تۆڕی 964ـی راگەیاند: بەداخەوە چەند جارێک دوای ئاشکراکردنی شوێنی شوێنەوارەکان هێرشیان کراوەتەسەر و زیانیان پێ گەیەندراوە و پارچەیان لێکراوەتەوە.
دەشڵێت؛ ئێستا بە هیچ شێوەیەک لە دۆزینەوەی شوێنەوارە نوێکان شوێنەکانیان ئاشکرا ناکەین و تەنها بەڕێوەبەرایەتییەکان ئاگادار دەکرێن بۆ پاراستن و چاککردن و پاککردنەوە و رێکخستنەوەیان.