دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا
"پەیوەندییەکى باشم لەگەڵ پۆتن هەیە"
ترەمپ: سەبارەت بە ئێران، ناتەنیاهۆ رێک ئەوە دەکات کە من دەمەوێت
964+
وریا فەتاح
لە لێدوانێکی نوێدا کە کەمێک بەر لە ئێستا داویەتی، دۆناڵد ترەمپ، کۆمەڵێک قسەی سەرنجڕاکێشی سەبارەت بە قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان خستەڕوو.
ترەمپ لە قسەکانیدا جەختی لە هەماهەنگییەکی توندوتۆڵی نێوان خۆی و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کردەوە و رایگەیاند: “سەبارەت بە دۆسیەی ئێران، من و ناتەنیاهۆ تەواو هاوڕا و کۆکین.” ئاماژەی بەوەشدا کە ناتەنیاهۆ سەبارەت بە پرسەکانی ئێران، “رێک ئەوە دەکات کە من لێی داوا دەکەم و دەمەوێت.”
هەروەها ترەمپ بەرگری لە پێگەی ناتەنیاهۆ کرد لە ناوخۆی ئیسرائیل و وتی: “ئەگەر من لە پێگەی سەرۆکی ئیسرائیل بوومایە، بەم شێوە خراپەی ئێستا مامەڵەم لەگەڵ ناتەنیاهۆدا نەدەکرد.”
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا کە تایبەت بوو بە دۆخی ئێران، ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد کە هێزەکانیان “کارێکی نایاب و سەرسوڕهێنەریان” لە ئێران ئەنجامداوە. ئەو وتی: “توانیمان ئێران بە تەواوەتی بسڕینەوە و کۆنترۆڵی تەواوی وڵاتەکەمان کردووە، لەم پڕۆسەیەدا تەنیا 13 کەسمان لەدەستداوە.”
سەرەڕای ئەم قسانە، ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە نایەوێت لە پرسەکانی تایبەت بە ئێران پەلە بکات، چونکە ئارەزووی ئەوە ناکات قوربانی و کوژراوی زیاتر هەبێت. هاوکات رایگەیاند کە بە شێوەیەکی دەستبەجێ و خێرا گەرووی هورمز دەکەنەوە.
لە چوارچێوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیشدا، ترەمپ باسی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا کرد و ئاشکرایکرد: “پەیوەندییەکی باشم لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین هەیە و بڕیارە لە لوتکەی وڵاتانی گروپی بیست (G20) پێکەوە کۆببینەوە.”