ساڵانە دە فەرمانبەر بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا دەنێردرێن بۆ بەریتانیا
زانکۆی بەریتانی دە ملیۆن پاوەن بۆ توێژینەوەی زانستی لە کوردستان تەرخان دەکات
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
لەمەودوا ساڵانە دە کورسیی خوێندن بۆ فەرمانبەرانی هەرێم لە بەریتانیان دابین دەکرێت بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا، دە ملیۆن پاوەنیش بۆ توێژینەوەی زانستی لە کوردستان تەرخان دەکرێت.
پڕۆگرامەکە بەناوی تواناسازیی بارزانی لە لایەن ززانکۆی لەندەن و زانکۆی بەریتانی لە هەولێر رێکخراوە.
راگەیاندنی پڕۆگرامەکە بە ئامادەبوونی د.محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لەناو باڵەخانەی زانکۆی لەندەن لە وڵاتی بەریتانیا ئەنجام درا.
دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە؛ بڕی دە ملیۆن پاوەن بۆ تێچووی توێژینەوەی زانستی لە کوردستان تەرخان کراوە.
زانکۆی نێودەوڵەتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی وەبەرهێنانە لە 4.12.2022 لە لایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە لە هەولێر بەردی بناغەی دانرا.
پڕۆژەکە یەکەمین لقی زانکۆی لەندەنە لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە هەمانکاتدا دەبێتە فراوانترین لقی زانکۆی ناوبراو لە جیهاندا لە چوارچێوەی پڕۆگرامەکانی خوێندن.