فۆتۆگرافەرە گەنجەکەی هەڵەبجە سەلامەتە

بەهۆی هەڵدێرانەوە لە شاخی شنروێ برینداربووە و لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنە

ئەمەل ناجی – هەڵەبجە

رۆژ نییە دیمەنە جوان و سەرەنجڕاکێشەکانی هەڵەبجە، لەرێگەی زوومی کامێراکەیەوە نەگوازێتەوە، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی هەڵدێرانی لە شاخەوە نەیتوانی ئەو کارە بکات، خۆی بریندارە و و کامێراکەشی لە پشوودانە.

باسی هۆگر ئەحمەد، فۆتۆگرافەرە گەنج و بزێوەکەی هەڵەبجەتان بۆ دەکەین کە لە رێگەی فۆتۆکانییەوە، رۆژانە هەڵەبجەو سروشتەکەیمان بە جۆرێکی جیاواز پیشان دەدات.

زانیاری گەیشتە پەیامنێری هەڵەبجە کە ئەمڕۆ هۆگر لە شاخی شنروێ هەڵدێراوە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شارەکەی.

موحسین محەمەد، فۆتۆگرافەر و هاوڕێی هۆگرە بۆ 964 پشتڕاستی کردەوە، کە بارودۆخی تەندروستی مەترسیدار نییە.

وتیشی “کەمێک پێش ئێستا لای ھۆگر بووم لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ھەڵەبجە، لە شاخ بەربۆتەوە و کەوتۆتە سەر جادەیەک، ھۆشی ھەیە و قسەش دەکات، بەڵام پشتی ئازاری ھەیە و پێدەچێ کوترابێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە نەخۆشخانە تیشکیان بۆ جەستەی کردووە، دەرکەوتووە لە ھیچ شوێنێکەوە شکاوی نییە، تەنیا ئازاری پشتی ھەیە.

لایخۆشییەوە، فەرحان حەمەخان، لێپرسراوی راگەیاندنی تەندروستی ھەڵەبجە بە 964 ی وت، هۆگر خۆی چیرۆکی هەڵدێرانەکەی بۆ باسکردووە، کە ئەمڕۆکە بەمەبەستی وێنەگرتن، بەتەنیا چوونەتە  ئەودیوی شاخەکە، دوای ماوەیەک باران دایکردووە و هەورەبروسکەیەکیش لە بەردێکی نزیک ئەوی داوە و کردوویەتیە دوو پارچە، ئەویش بەمەبەستی خۆپاراستن خۆی هەڵداوە و کەوتووە.

وتیشی “ماوەیەکی زۆر بێهۆش بووە، پاشان کە بەهۆش خۆی هاتووەتەوە پەیوەندی بە چەند کەسێکەوە کردووە و ئەوانیش فریای کەوتوون” دەشڵێت، هیچ شوێنێکی نەشکاوە بەڵام پێویستە جارێ لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن