وەرزی داهاتوو چی دەبێت؟

شێرزود تێمیرۆڤ گەڕایەوە و سبەی بەرامبەر شوڕتە یاریی دەکات

ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە یانەی هەولێر بۆ 964 ئاشکرای کرد، یاریزانی یانەکەیان شێرزود تێمیرۆڤی ئۆزبەکستانی، لە تورکیاوە گەڕایەوە بەغدا و سبەی بەرامبەر یانەی شوڕتە یاریی دەکات.

شێروزد دوو رۆژ لەمەوبەر یانەی هەولێر جێهێشت و بۆ کاروباری پەیوەندیکردنی بە تیپی وڵاتەکەی بۆ مۆندیال، چووە تورکیا، لە کاتێکدا ئیدارەی یانەی هەولێر رازیی نەبوون بەم بڕیارەی یاریزانەکە و چاوەڕێبوون دوای یارییەکەی بەرامبەر شوڕتە ئینجا بڕوات.

سەرچاوەکەی 964 وتی، دوای گفتوگۆی کارگێڕیی یانەی هەولێر لەگەڵ یاریزانەکە، ئیتر یاریزانەکە گەڕایەوە و ئێستا لە بەغدایە و پەیوەندی بە یانەی هەولێرەوە کرد.

سەرچاوەکە ئەوەشی وت، یانەی هەولێر گفتوگۆ لەگەڵ یاریزانەکە دەکات بۆ ئەوەی وەرزی داهاتووش لە یانەکە بمێنێتەوە، هەروەها ئەو سکاڵایەی بڕیار بوو لەسەر یاریزانەکە تۆماری بکەن بەهۆی رۆیشتنی بەبێ رەزامەندی، دەکێشرێتەوە و کێشەکە چارەسەر بوو.

شێروزد گۆڵکاری ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراقە بە 28 گۆڵ و ئەستێرەی یەکەمی یانەی هەولێرە، هەروەها لە لایەن فابیۆ کەناڤارۆی راهێنەری ئۆزبەکستان، بۆ مۆندیالی 2026 بانگهێشت کراوە و بە ئەگەری زۆر بەشداریی مۆندیال دەکات.