هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئێران بۆ سەر یەکتر بەردەوامە و کوردستانیش هەر درۆنباران دەکرێت
شەوی رابردوو لە کوردستان و ناوچەکە چی روویدا؟
بۆنی هەڵگیرسانەوەی شەڕ دێ و درۆنبارانکردنی کوردستانیش هەر بەردەوامە
شۆڕش قادری
بۆنی هەڵگیرسانەوەی شەڕ دێ و درۆنبارانکردنی کوردستانیش هەر بەردەوامە، شەوی رابردوو لە کوردستان و ناوچەکە چی روویدا؟
هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەسەر داوای چەند وڵاتێکی عەرەبی ناوچەکە هێرشەکەی بۆ سەر ئێران دواخستووە، بەڵام شەوی رابردوو لە ئەسفەهان و قشم و چەند ناوچەیەکی دیکەی ئێران سیستمی بەرگری ئاسمانی کارا کرا.
ترەمپ: رێنماییم بە سوپا داوە ئامادەبن بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی گشتگیر و بەرفراوان بۆ سەر ئێران لە هەر ساتێکدا بێت، ئەگەر نەگەینە رێککەوتنێکی پەسەندکراو.
موجتەبا خامنەیی رابەر ئێران: خوێندنەوە بۆ کردنەوەی چەند بەرەیەکی دیکەی شەڕ کراوە کە دوژمن تیایدا ئەزمونێکی ئەوتۆی نییە و زەرەری زۆر دەبینێت، لە ئەگەری بەردەوامی شەڕ بەپێی رەچاوکردنی بەرژەوەندییەکان، ئەو بەرانە چالاک دەکرێن.
عەلی عەبدوڵاهی فەرماندەی قەرارگای ناوەندی خاتەمولئەنبیا: بە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەڵێین، دووبارە تووشی هەڵەی ستراتیژی نەبنەوە، باش بزانن کە هێزە چەکدارەکانمان بەراورد بە رابردوو ئامادەتر و بەهێزترن، دەستیان لەسەر پەلەپیتکەیە و بۆ هەر جۆرە دەستدرێژییەکی دوژمنان بۆ سەر خاکی وڵاتەکەمان وەڵامێکی توند و یەکلاکەرەوەیان دەبێت.
موحسن رەزایی فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران و ئەندامی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران: مشتی ئاسنینی گەل و هێزە چەکدارەکانمان ترەمپی ناچار بە پاشەکشێ کرد.
موحسن نەقەوی وەزیری ناوخۆی پاکستان هێشتا لە تارانە کە چەند رۆژێکە چووەتە ئێران و بەکۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئێران و گەیاندنی پەیامەکانیان بە ئەمریکا دەیهەوێ هەرچۆنێک بێ رێگە لە سەرهەڵدانەوەی جەنگ بگرێت.
میدیای ئێران: دوایین دیداری نەقەوی لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بووە و لەباری دوایین گۆڕانگارییەکانی ناوچەکە و کۆتاییهێنان بە شەڕ قسەیان کردووە.
نمایشی درۆن و موشەک لە شەقامەکانی ئێران بەردەوامە و لەناو تارانیش کۆمەڵێک بوک و زاوا بە چەکی قورسەوە ئاهەنگی هاوسەرگیریان گێڕا وەک پاڵپشتییەک بۆ حکومەتی ئێران.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری سهرچاوهیهكی باڵای ئێرانی بڵاویکردەوە، ئهمریكا نهرمی نواندووە بەرامبەر ئێران بۆ درێژهدان به چالاكی سنورداری ئاشتیانهی ئهتۆمی لهژێر چاودێری ئاژانسی نێودهوڵهتی وزهی ئهتۆمیدا.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رایگەیاند، شەوی رابردوو بە چوار مووشەک هێرش کراوەتە سەر مەقەرەکانیان لە سوورداش.
بەقسەی خۆیان، ئێران لە ماوەی دەستپێکی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا هەتا ئێستا، بە زیاتر لە 77 مووشەک و درۆن بنکە و بارەگاکانی کۆمەڵەی کردووەتە ئامانج.
حهج و عومرهی كوردستان رایگەیاند، دواكاروانی حاجییانی كوردستان گهیشتنه شاری مهككهی پیرۆز و ههمووشیان له كهشێكی ئیمانی و به سهلامهتی له شوێنی خۆیانن.
بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی قەرەهەنجیر لە هەڵمەتێکدا لە سنووری ناحیەکە ئاگربڕیان دروستکرد بەمەبەسی رێگری کردن لە کەوتنەوەی ئاگر.
سکای نیوز: پسپۆڕانی تەندروستی جیهان هۆشداری دەدەن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکانی ئیبۆلا و هانتا و ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ئێستادا بووە بە دەردێکی کوشندە لە جیهاندا