هەڕەشەکانی ترەمپ بەردەوامن و ئێرانیش دەڵێت دانبەخۆداگرتنیان سنووری هەیە
شەوی رابردوو لە کوردستان و ناوچەکە چی روویدا؟
ترەمپ دەستی لەسەر دوگمە سوورەکەیە و ئێرانیش دەڵێت: دانبەخۆداگرتنمان سنووری هەیە
شۆڕش قادری
ترەمپ دەستی لەسەر دوگمە سوورەکەیە و ئێرانیش خۆی بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادە کردووە و دەڵێت، دانبەخۆداگرتنیان سنووری هەیە، تا 964 هەبێ خەمی هەواڵ و زانیاریتان نەبێ، کورت و پوخت پێتان دەڵێن، شەوی رابردوو چی روویدا؟
دوێنێ شەو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کۆمەڵێک پۆستی هەڕەشە ئامێزی بڵاوکردەوە و لە یەکێکیاندا وێنەیەکی خۆی بە گرژی و مۆنییەوە دانا کە دەستی لەسەر دوگمەی بۆردومان داناوە، دواتر ئاسمانی عێراق و ئێران چۆڵکرا و عالەم چاوەڕێ بوو جەنگ دەستپێبکاتەوە بەڵام بەخێر گوزەرا.
ترەمپ: کات بەخێرایی بۆ ئێران دەڕوات و باشترە هەرزوو دەست بە جوڵە و هەنگاونان بکەن، ئەگەرنا بە تەواوەتی لەناودەچن و هیچ شتێکیان لێ نامێنێتەوە، کات بۆ ئێمە زۆر گرنگە”.
ئەکسیۆس: سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتەنیاهۆ بە تەلەفۆن لەبارەی دۆسیەی ئێرانەوە قسەیان کردووە.
ئەکسیۆس: پێشبینیی دەکرێت دۆناڵد ترەمپ سبەی سێشەممە لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی کۆببێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لە بارەی بژاردەی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران.
مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران داوای جێبەجێکردنی سیاسەتی سک هەڵگوشین، دەستپێوەگرتن و کەمکردنەوەی خەرجییەکان دەکات و دەڵێت، ئەگەر ئەو کارە بکەن بەئاسانی وڵات بەڕێوەدەبەن و قەیرانەکان تێدەپەڕێنن.
موحسن رەزایی فەرماندەی سەربازی و ئەندامی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران دەڵێت، “گەمارۆی دەریایی ئەمریکا دەشکێنین، دانبەخۆداگرتنمان سنووری هەیە و هێزە چەکدارەکانمان سەرقاڵی خۆ ئامادەکردنن”.
محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کرایە سەرپەرشتیاری پەیوەندییەکان لەگەڵ چین کە پێشتر عەلی لاریجانی سکرتێری پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران ئەو پۆستەی لەئەستۆ بوو.
کەناڵی 12ـى ئیسرائیلی: کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی ئەمریکی هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکانی لە ئەمریکاوە بۆ ئیسرائیل تا سەرەتای مانگی یەکی 2027 رادەگەیەنێت.
وەزارەتی بەرگری سعودیە: بەرپەرچدانەوەی 3 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانى راگەیاند کە لە عێراقەوە هەڵدرابوون.
وەزارەتی بەرگری سعودیە: مافی وەڵامدانەوەمان بۆ کاتێکى گونجاو هەڵگرتووە.
ئیمارات ئیدانەی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بۆ سەر سعودیە دەکات کە لە ئاسمانی عێراقەوە هەڵدراون.
دۆخەکە بەردەوامە لە بەرزکردنەوەى نرخى نەوت و هەر بەرمیلێکى بە لەسەرووى 108 دۆلارەوە مامەڵەى پێوە دەکرێت.
بەپێی شیکارییەکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، بەهۆی داخرانی گەرووی هورمز ئەمریکا 50 ملیار دۆلار قازانجی لە هەناردەی نەوت کردووە، هاوکات وڵاتانی کەنداو، زەرەرەمەندی سەرەکین، بەهۆی نەبوونی گەرووی یەدەگ، لەو نێوەندەدا عێراق 15 ملیار دۆلار لە داهاتی نەوت زەرەری کردووە.
دادگای باڵای سعودیە بڵاویکردەوە، رۆژی سێشەممە 26-5 رۆژی عەرەفەیە و رۆژی چوارشەممە 27-5ی یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە.
لەمڕۆوە، بۆ ماوەى حەوت رۆژ و شەوى حەوت کاتژمێر لە 10ـى شەو تا 5ـى بەیانى، تونێلى پێشڕەو لە سلێمانی دادەخرێت و خۆتانى لێمەدەن.
لەسەر داواى کشتوکاڵی مەخمور ئەمڕۆ، تەواوی جوتیارانی مەخمور و دەشتی قەراج کۆدەبنەوە، بۆئەوەی کاتی دروێنە و بەبازاڕکردن دیاری بکەن.
لە سەر شەقامی 120 مەتری هەولێر، کێبڵێکی کارەبا پچرا و زیانی بەچەند ئۆتۆمبێلێک گەیاند.
هاتوچۆی سلێمانی داوا لە هاوڵاتییان دەکات ببنە هاوکاریان و هەر سەرپێچییەک لەسەر شەقام یان شوێنە گەشتیارییەکان دەبینن، وێنە یان ڤیدیۆی بگرن، ئەم کارە بۆ ئەوەیە هەمووان پێکەوە رێگری لە دیاردە ناشرینەکان بکەین و سەلامەتی سەر شەقامەکان بپارێزین.