جارێکی دیکە دەنگیان هەڵبڕی
جوتیارانی چوارقوڕنە دژی دابەشکردنی زەوییەکانیانن
فەرمان مەلاحەسەن – راپەڕین
بەشێک لە جوتیارانی راپەڕین دژی دابەشکردنی زەوییەکانیان بەسەر فەرمانبەراندا دەنگیان هەڵبڕی و لە بەردەم شارەوانی چوارقوڕنە گردبوونەوە.
هێمن رەسوڵ یەکێک لە جوتیارە ناڕازییەکان قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “شارەوانی دەیەوێ زەوییەکانمان لە کشتوکاڵییەوە بکاتە نیشتەجێبوون و دابەشیان بکات بەسەر فەرمانبەراندا، ئێمە ناڕازین چونکە زەوی تر هەیە بۆ ئەو مەبەستە و ئەوان ئەگەر لە خەمی فەرمانبەراندان، با موچە دزراو و پاشەکەوت کراوەکانیان بۆ بگەڕێننەوە، یان زەوی تر هەیە دەتوانن نەیدەن بە کۆمپانیاکان و خەڵکی بەرپرس و بیدەن بە فەرمانبەران”.
ئاماژەی بەوەشکرد، 600 بۆ 700 جوتیار دەبن و نزیکەی دوو هەزار دۆنم زەوییە کە حکومەت مەبەستیەتی بیدات بە فەرمانبەران.
حەسەن عەبدوڵاش یەکێکی دیکە لە جوتیارەکان دەڵێت، “ئەمڕۆ شارەوانی پێی وتووین دەست بۆ زەوییەکانتان نابەین، بەڵام ئێمە چەند جارێکی دیکەش گردبووینەتەوە بۆ ئەوەی ئاگاداریان بکەینەوە کە دەستبەرداری زەوییەکانمان نابین و ئەگەر ئەو کارە بکەن هەڵوێست وەردەگرین”.
964 زیاتر لەم بابەتەی کۆڵییەوە و قسەی لەگەڵ ئاودێر محەمەد سەرۆکی شارەوانی چوارقوڕنە کرد، ئەو وتی، “لە ئێستادا شارەوانی زەوی دیکەی لە بەردەستدایە و سەرەتا ئەوانە دابەش دەکەین، ئەگەر بەشی نەکرد، ئەوا دوای وەرگرتنی رەزامەندی سەرووی خۆمان، زەوی ئەو جوتیارانە دابەش دەکرێت، خەمیشیان نەبێ مافیان پارێزراو دەبێت و وەک پێویست قەرەبوو دەکرێنەوە”.
ئەم کێشەیە تازە نییە و وا نزیکەی دوو ساڵە جوتیارانی راپەڕین تاوناتاو گرددەبنەوە، چەند ساڵێکە دابەشکردنی زەوی بەسەر کارمەندان و فەرمانبەران لە هەموو ناوچەکانی کوردستان دەستیپێکردووە و حکومەت دەیهەوێ بە رێککەوتن لەگەڵ جوتیاران و خەڵک ئەو ئیشە بکات کە وەک دەڵێن، “نە سیخ بسووتێ و نە کەباب” و ئیشەکە لە بەرژەوەندی هەردوولا بێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری