وتەبێژى بەرگرى شارستانى

تەرمى مینا گیرى خواردبوو؛ وردەکارى دۆزینەوەکەى دەخرێتەڕوو


ئاکام غەفور- سۆران

رەوەند هاودیانى وتەبێژى بەرگرى شارستانى سۆران، وردەکارى دۆزینەوەى تەرمى مینا عیسا، یەکێک لەو سێ تەرمەى رووبارى گەلى بەگ بۆ 964 دەخاتەڕوو و دەڵێت: لە دوورى 30 بۆ 35 کیلۆمەتر لە شوێنى رووداوەکە دۆزراوەتەوە.

هاودیانى بە 964ـى وت،”لە خوارووى پردى خەلان لەو نزیک ئەو شوێنەى رووبارى گەلى عەلى بەگ تێکەڵ بە زێى گەورە دەبێت، تەرمەکە دۆزراوەتەوە کە 30 بۆ 35 کیلۆمەتر لە شوێنى رووداوەکە دوورە”.
وەک باسى دەکات لە لایەن دوو هاوڵاتى سنوورەکە تەرمەکە بیندراوە و بەرگرى شارستانى لێ ئاگادارکراوەتەوەن دواتر تیمەکان چوونەتە شوێنەکە و تەرمەکەیان دەرهێناوە.
روونیشى کردەوە، تەرمەکە کەمێک شێواوى پێوە دیارە، چونکە گیرى خواردبوو، بەڵام دواتر ئەنجامەکەى لە پزیشکى دادى دەردەکەوێت.

رووداوەکە درەنگانێکى شەوى 1.5.2026 روویدا، ئەوەش کاتێک ئۆتۆمبێلێک کەوتە ناو رووبارى گەلى عەلى بەگ، بەهۆیەوە سێ کەس خنکان کە دوانیان منداڵ بوون و مینا عیساى تەمەن 17 ساڵ بوو.

رۆژى 5.5.2026، تەرمى یەکێک لە منداڵەکان دۆزرایەوە و ئەمڕۆش تەرمى مینا عیسا، بەڵام هێشتا تەرمى منداڵێکى سێ ساڵان ماوە بدۆزرێتەوەز

پێداچوونەوە: وریا فەتاح