سەیرانگاکە جوانتر دەکەن
هاوڵاتییەک قاز و مراوی دەبەخشێتە سەیرانگای سەرچنار
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
سەیرانگای سەرچنار لە شاری سلێمانی بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە، بوژاوەتە و هاوڵاتییەکیش بۆ جوانترکردنی دیمەنەکەی، قاز و مراوی بۆ بردووە.
محەمەد خەسرەو، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هێنانی قاز و مراوییەکان بۆ سەیرانگاکە، بە 964ـی راگەیاند، هاوڵاتییەک بەناوی حاجی سالار باڵندەکانی بۆ دابین کردوون و ئەوانیش هێناویانەتە جێگەکە.
سەرپەرشتیاری پرۆژەکە لە مایکی 964ـەوە داوای لە هاوڵاتییان کرد، کاتێک سەردانی سەیرانگای سەرچنار دەکەن، ئەو خواردنەی لێیان دەمێنێتەوە، بیدەنە باڵندەکان، بەبێ ئەوەی شوێنەکە پیس بکەن.
سەیرانگای سەرچنار، شوێنێکی کۆن و دڵگیری شاری سلێمانییە و بەھۆی ئاوی ھەڵقوڵاوی ژێر گرد و بەرزایییەکانی، هوتێل و شوێنی حەوانەوەی لێدروست کراوە بۆ گەشتیاران.